ئەندامێكی هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆری بەغدا خۆی دەكوژێت

:: PM:02:41:18/03/2023 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرسی تەناهی ئەمڕۆ رای گەیاندووە، كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر لە بەغدا، خۆی كوشتووە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 18ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی سەرچاوە تەناهییەكە كە قسەی بۆ پێگەكە كردووە، كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر، لەناو ماڵەكەیدا خۆی كوشتووە.

زیاتر رونی كردووەتەوە، ئەو كەسەی خۆی كوشتووە، لەناو ژوورێكی ماڵەكەی لە گەڕەكی "حی العامل"، بە دەمانچە تەقەی لە خۆی كردووە.

بەپێی سەرچاوەكە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە و بەپێی گوتەی كەسە نزیكەكانی خۆكوژەكە، هۆی رووداوەكە كێشەی خێزانی بووە.

بەهۆی گەندەڵییەوە دۆخی دارایی هاووڵاتییانی عێراق بەگشتی لە دۆخێكی باشدا نییە و رێژەی هەژاری هەڵكشاوە، هاوكات هەر بەهۆی ئەو دۆخەوە كێشە كۆمەڵاتییەكانیش زیاتر بوون، بۆیە دیاردەی خۆكوشتن لەو وڵاتە بەرچاوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د