به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌پۆلی باران له هه‌رێمی كوردستان، ئاستی ئاوی به‌نداوه‌كانی كوردستان به‌رزبوونه‌ته‌وه و به‌نداوه مام ناوه‌نده‌كانیش سه‌رڕێژبوون.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی ئادار/ مارس، ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كان له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌و شه‌پۆلی بارانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه كاریگه‌ری باشی هه‌بوو بۆ به‌نداوه‌كان و به‌شێكی زۆری به‌نداوه‌كان سه‌ررێژ بوون و ئاوی هه‌رسێ به‌نداوه گه‌وره‌كه‌ی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان و دهۆك به‌رز بووه‌ته‌وه.
زیاتر گوتی، شه‌پۆلی بارانی 10 ڕۆژی ڕابردووی به‌نداوی دوكان ئاستی ئاوه‌كه‌ی یه‌ك مه‌تر و نیو زیاد كردووه، به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش سێ مه‌تر زیادی كردووه، به‌ڵام ئاستی ئاوه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته ساڵی ڕابردوو.
"له ماوه‌ی ساڵی 2022 وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم چوار به‌نداومان ته‌واو كردووه، له‌مساڵدا ئاویان تێدا گلدراوه‌ته‌وه سێ به‌نداویان به‌ته‌واوه‌تی پڕ بوون" خانی وای گوت.
یه‌كێك له‌و سێكته‌رانه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی زۆری پێداوه دروستكردنی به‌نداو و پۆنده، بۆئه‌وه‌ی ژێرخانێكی گرنگی سه‌رچاوه‌ی ئاو له كوردستان دروست بكرێ.
وشه/ عه‌زیز ڕه‌سووڵ