"یەكێتی دەیەوێ بەشێوەیەكی سەیر تۆراوەكان ئاشت بكاتەوە"

:: PM:08:22:18/03/2023 ‌

لە ماوەی رابردوو و بەهۆی سیاسەتە و هەنگاوە سەیر و نامۆكانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، ژمارەیەكی زۆر لە كادر و لایەنگری لێ دووركەوتنەوە، ئێستە بە مەبەستی ئاشتكردنەوەیان، لەسەر راسپاردەی مەڵبەندی یەكی رێكخستنەكانی سلێمانی، داوا لەكۆمیتەكان كراوە كە دەوام لەناو گەڕەكەكاندا بكەن، كە ئەو هەنگاوە بە هەوڵێكی بێ بایەخ لەقەڵەم دەدرێت.

پێوەست بەو بابەتەوە كاوە عەدنان، ئەندام كەرتی یەكێك لە كۆمیتەكانی رێكخستنی یەكێتی، بە"وشە"ی راگەیاند، لەمیانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی كۆمیتە، لەلایەن لێپرسراوی كۆمیتەوە باس لەوە كرا كە داوایان لێ كراوە بۆ لەمەولا دەوام لەناو گەڕەكەكاندا بكرێت.
خەڵك بە رێژەیەكی زۆر متمانەیان بە یەكێتی نەماوە
زیاتر گوتی، داواكە بەلامانەوە مایەی پێكەنین بوو، چونكە كۆمیتەكان بۆ خۆیان لەناو گەڕەكەكانن و جگە لە كادران و بەشێك لە بەرپرسانی فەرمانگە حكوومییەكان، هاووڵاتییان و دانیشتووانی گەڕەكەكان وەك پێویست سەردانی كۆمیتە ناكەن، ئەوەش پێوەندی بە نەمانی متمانەیان بە یەكێتی دەگەڕێتەوە.

روونی كردەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتە خراپەی لەدوای هەشتی تەموزی 2021 رووبەڕووی یەكێتی بووەتەوە نازانین چۆن بچینە ناو گەڕەكەكان، بۆیە هەرچییەك بكەین ناتوانین راستی پشت رووداوە نەخوازراوەكانی سەرانی دەباشان بشاردرێتەوە.

هەر لەو بارەوە مەحموود سەعید، چاودێری سیاسی و ئاگەدار لە دۆخی ناو یەكێتی بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، لەكاتێكدا بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەچین، سەیرە و مایەی پێكەنینە ئەم كارانەی یەكێتی بەزۆر دەیەوێ وەك جاری جاران ئەنجامیان بدات.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی زۆنی سەوزی تووشی چەندان كێشە كردووە، سەرەتا دەبێت كێشەكانی لەناو حكوومەتی هەرێم چارەسەر بكات، دواتر كار بۆ ئاشتكردنەوەی تۆراوەكان بكات، خەڵك ئێستە بە رێژەیەكی زۆر متمانەیان بە یەكێتی نەماوە و ئەوەشی كە دەچێتە كۆمیتە و مەڵبەندەكان، بەپرسانی حزبی و حكوومین و كەسانی ئاسایی نین، بۆیە یەكێتی خۆشی دەزانێت كە دەنگەكانی لە داهاتوو زۆر كەم دەكات.

شایەنی باسە لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە لێپرسراوی بەشەكانی ئیدارە و دارایی و رێكخستن و چاودێری و هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن و گەشەپێدانی بیرو هۆشیاریی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی یەكێتی و چەند كۆمیتەیەك، دەوامیان لەناو گەڕەكەكان كرد.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت