وادەی چاوەدێریكردنی هیلالی مانگی رەمەزان دیاری كرا

:: PM:05:17:19/03/2023 ‌

لە رۆزنامەی كۆچی موسڵمانان بۆ دیاریكرنی سەرەتای مانگی رەمەزان و جەژنەكەشی پشت بە بینینی مانگ دەبەسترێت، بۆیە لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی و ناوەند و رێكخراوە ئیسلامییەكانی دنیا بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان چاودێری بینین مانگ دەكەن، بەتایبەتی سعوودیە، كە بەهۆی بوونی كەعبە لەسەر خاكەكەی پیرۆزییەكی وەرگرتووە، ئەو وڵاتە رای گەیاند كە ئێوارەی سێشەمی داهاتوو چاودێری بینینی مانگ دەكەن.

وەك ئاژانسی دەنگوباسی سعوودیە "واس" بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ یەكشەم دادگەی باڵای سعوودیە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە موسڵمانان لەو وڵاتە كرد، بۆ چاودێریكردنی بینینی هیلالی مانگی رەمەزان لە ئێوارەی سێشەمی داهاتوو، 21ی ئادار.

روونی كردەوە، ئەوەی هیلالی رەمەزانی بە چاوی ئاسایی یان بە دووربین بینی، با ئاگەداری نزیكترین دادگە بكاتەوە و لەوێ شایەتییەكەی تۆمار بكات، یان پێوەندی بە نزیكترین ناوەند بكات، بۆ یارمەتیدانی بۆ گەیشتن بە نزیكترین دادگە، بۆیە ئەوانەی توانای ئەو كارەیان هەیە بچنە پاڵ لیژنەی پێكهێنراو بۆ ئەو مەبەستە لە ناوچە جیاجیاكان و بۆ ئەوەی چاكەیان بۆ بنووسرێت. 

بەپێی دەقە شەرعییەكانی ئیسلام پێویستە موسڵمانان بە بینینی هیلال دەست بەو مانگە بكەن و كۆتاییشی پێ بینن، بۆیە ئەگەر ئێوارەی سێشەم مانگ بینرا، چوارشەم دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، ئەگەریش نەبینرا، ئەوكات چوارشەم دەبێتە تەواوكەری مانگی شەعبان و پێنجشەم یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل