شای سعوودیە بانگەشەی سەرۆكی ئێران دەكات بۆ سەردانیكردنی ریاز

:: PM:06:29:19/03/2023 ‌

لە 10ی ئەم مانگەوە پێوەندییەكانی سعوودیە و ئێران چووەتە ناو دۆخێكی تەواو نوێ و جیاوازەوە، ئەوان بە میانگیری راستەوخۆی چین واژووكردنی رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان راگەیاند، سعوودیە باسی وەبەرهێنانی لە ئێران كرد، ئێستەش شای سعوودیە بانگەشەی فەرمیی سەرۆكی ئێران دەكات بۆ سەردانیكردنی ریاز.

ئەمڕۆ یەكشەم هاتە راگەیاندن كە شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز، شای سعوودیە بانگەشەی فەرمی ئاراستەی ئییبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران كردووە بۆ سەردانیكردنی ریاز، كاتێك یاریدەری سیاسی سەرۆكی ئێران رای گەیاند، رەئیسی بانگەشەی فەرمی لەلایەن شای سعوودیە پێ گەیشتووە بۆ سەردانیكردنی ریاز و پتەوكردنی هاریكاریی ناوچەیی.

ئاشكرای كرد، سەرۆكی ئێران پێشوازی لە بانگەشەكەی شای سعوودیە كرد و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی نێوانیان كردووە.

ئەگەرچی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی ریاز و تاران كتوپڕە و شارەزایان پێیان وایە تا ئێستە دیار نییە سەر دەگرێت یان نا، بەڵام ئاماژەیە بۆ بێئومێدبوونی ریاز لە واشتن بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕی یەمەن، كە سعوودیە دەیەوێ لە رێگەی چینەوە كۆتایی پێ بێنێت، جیا لە ساردكردنەوەی وڵاتان لە پێدانی كەرەستەی ئەتۆمی پێویست بە ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل