ئەفسەرێكی باڵای هەواڵگری لە مووسڵ كوژرا

:: PM:06:56:19/03/2023 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم ئەفسەرێكی باڵای هەواڵگری عێراق لە رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لەگەڵ باندێكی ساختەكاری لە شاری مووسڵ كوژرا.

وەك سەرچاوە تەناهییەكان لە پارێزگەی نەینەوا رایان گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم عەمید سەعد حیكمەت ئەترووشی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەلدە لە رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ باندێكی ساختەكردنی تۆماری خانوبەرە كوژراوە و ئەندامێكی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەش بریندارە.

بەپێی سەرچاوەكان هێزەكە بۆسەیەكیان بۆ ئەندامانی باندەكە لە ناوچەی كۆمەڵگەی سەقافی لە رۆژهەڵاتی مووسڵ داناوەتەوە و بەو هۆیەوە رووبەڕووبوونەوە دروست بووە.

هەر ئەمڕۆ چەكدارانی نەناسراو لە شارۆكەی شنگال تەقەیان خاوەن كیڵگەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەر لە نزیك ماڵەكەی كرد و كوشتیان، ئەوانیش بۆ شوێنێكی نەناسراو هەڵاتن، لە پارێزگەی زیقار لە باشووری عێراق ژمارەیەك كەس هەڵیان كوتایە سەر نووسینگەی كۆمپانیایەكی تایبەت لە گوندێكی باشووری شاری ناسڕییە و سووتاندیان، لە رووداوەكە پارەیەكی زۆر سووتاوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل