بەرپرسێكی پارتی: هەڵفڕینی دوو هەلیكۆپتەرەكە بە ئاسمانی هەرێم نایاساییە

:: PM:08:17:19/03/2023 ‌

هەفتەی رابردوو لە رووداوێكی نادیاردا دوو هەلیكۆپتەر لە سنووری پارێزگەی دهۆك تێكشكان، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە دوو هەلیكۆپتەرەكە هی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بوون، هەڵفڕینیشیان لە ئاسمانی هەرێم لە نزیك سنوورەكانی سووریا نایاساییە و تا ئێستە كەس هۆكاری كەوتنەخوارەوەیان نازانێت.

وەفا محەمەد، بەرپرسێكی پارتییە دەڵێت، ئەو هەلیكۆپتەرانە ماوەی هەشت ساڵە لەكاتی شەڕی دژ بە داعش رادەستی یەكێتی كرابوون، بەڵام حكوومەتی هەرێم زانیاری نییە ئەوان چۆن هاتوونەتە ناو خاكی كوردستان، چونكە راداری پێشكەوتوومان نییە، جیا لەوە پێوەندیی نێوان هێزەكانی هەسەدە و یەكێتی بێ زانیاری حكوومەتی هەرێم دەكرێت.

دوێنێ لە میانی قسەكانی لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كونسوڵگە و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووداوەكە گوتی، دامەزراوە تەناهییەكانمان دووپاتی تێكشكانی یەك هەلیكۆپتەریان كردووەتەوە و زانیاریمان لەبارەی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی تر نییە، ئێمە لێكۆڵینەوەمان بۆ زانینی هۆكاری بوونی ئەو هەلیكۆپتەرانە لە ناوچەكە دەست پێ كردووە. 

دووپاتی كردەوە، لە بنەڕەتدا ئەو هەلیكۆپتەرانە لەلایەن گرووپێك لەناو یەكێتییەوە كڕاون، بەڵام چۆن و بۆچی گەیشتوونەتە دەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ئەوە نازانین، ئاخۆ ئەوان بۆچی لەو ناوچەیە بوون و چۆن تێكشكاوە، ئەوە لێكۆڵینەوەی زیاتری پێویستە.

رۆژی‌ 15ی‌ ئەم مانگە، دوو هێلیكۆپتەر لە نزیك گوندی بێركیات لە چەمانكێ لە سنووری پارێزگای دهۆك كەوتنە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەكانی گیانیان لەدەست دا.

رۆژی‌ هەینی‌ رابردوو، هەسەدە راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوكردەوە و رای گەیاند، دوو هێلیكۆپتەریان بەهۆی نالەباری كەشوهەوا لە سنووری هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەكداری هێزەكانیان كە سەرنشینی ئەو دوو هێلیكۆپتەرە بوون، گیانیان لەدەست داوە و ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستان دووپاتی‌ لەوە كردەوە لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل