دوایین ئامانجی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان چییە؟

:: PM:09:50:19/03/2023 ‌

پەكەكە وەك چۆن رۆژئاوای كردە وێرانە و كردی بە قوربانی بەرژەوەندییەكانی توركیا و خەڵكی ئاوارە كرد، ناوچەكەی كردە شوێنێكی ناسەقامگیر و نائارام، دەیەوێ هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە بكاتە ناوچەیەكی ناسەقامگیر، وەك سیاسەتوان و چالاكان دووباتی دەكەنەوە.

پەكەكە لەوەتەی دروست بووە كوردستانی كردووەتە شوێنی مانەوەی خۆی، هۆكاری هاتنی سوپای توركیا بووە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و داگیركردنی و گوندەكانی وێران كردووە، ئەو دەیەوێ ئەوەی لە رۆژئاوا رووی داوە، لە هەرێمی كوردستانیش دووبارەی بكاتەوە.

لەوبارەوە كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بە "وشە"ی راگەیاند،  پەكەكە بۆ كورد كێشەیە، ئەو بۆ نەهێشتی دۆزی كورد هاتووە، لە باكوری كوردستان زۆرینەی كورد لەبەر هەڵسوكەتەكانی پەكەكە شەرم لە كوردایەتی دەكەن، پێش پەكەكە كەس توركی نەزانی بوو، دوای 40 ساڵ لە بوونی پەكەكە، ئێستە كەس كوردی نازانێت.
لە سایەی پەكەكەوە كورد لە رۆژئاوا لە زۆرینەوە بووەتە كەمینە
زیاتر گوتی، رۆژئاوای كوردستان ناوچە و میلەتێكی باش و خوێندەوار و تێگەیشتوو و زانای هەیە، بەڵام دوای ساڵی 2011 پەكەكە هات كوردی لە ناوچە كوردییەكان روماڵ كرد، كورد لە رۆژئاوا لە زۆرینەوە بووەتە كەمینە، عەرەبی هاوردە زۆر بوون و بۆ هاتنیان رێگە كراوەیە، گوشارێكی زۆر لەسەر كورد هەیە، هەموو ئەوە لەژێر سیاسەتی پەكەكەیە.

ئازیزی ئاماژەی كرد، لە هەرێمی كوردستان پەكەكە هاتووە قەندیل و چەند ناوچەیەكی تری داگیر كردووە، ناوەكانی گۆڕیون، سەرو  600  گوند وێران و بێ ئاوەدانی ماونەتەوە، چارەكێكی خاكی كوردستانی داگیر كردووە و لە سلێمانی باڵادەستە، شنگالی وێرانكردووە و رێگەی نەداوە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا جێبەجێ بكرێت، بە كورتییەكەی پەكەكە كار بۆ ئەوە دەكات هەرێمی كوردستانیش بكاتە رۆژئاوا، بەڵام خەیاڵی خاوە و ناتوانێت ئەوە بكات.

 پێوەست بەو پرسە سیامەند ئەحمەد، چالاكی مەدەنی بە "وشە"ی گوت، پێشتر پەكەكە تەنیا بەشێوەی زەوینی خاكی هەرێمی كوردستانی بەكار دەهێنا، ئێستە ئاسمانی هەرێمی كوردستانیش بە نایاسایی بەكاردێنێت، بۆیە پەكەكە هەوڵێكی نوێی دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی هەرێم بكاتە ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ هاووڵاتییان و هەر ئاڵۆزییەك كە ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل