شێرپەنجەی قۆلۆن لە گەنجان زیادی كردووە.. بۆچی؟

:: PM:11:03:19/03/2023 ‌

وەك نەخۆشخانەی "كلیفلاند كلینیك"، ئاماژەی بۆ دەكات، بەم دواییە تێكڕای شێرپەنجەی قۆلۆن لەناو گەنجان زیادی كردووە، شارەزایانی پزیشكیش دووپاتی دەكەنەوە كە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو رێژەكە زیاتر دەكات.

د. دێڤید لیسكا، پسپۆڕی نەشتەرگەری قۆلۆن و رێكە و بەڕێوەبەری سەنتەری دیاریكردنی زووی شێرپەنجەی قۆلۆن و رێكە لە نەخۆشخانەی "كلیفلاند كلینیك" دەڵێت، تێكڕای تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆلۆن و رێكە لەنێوان گەنجان لەسەر ئاستی دنیا زیادی كردووە، ئەوەش مایەی نیگەرانییە و هۆكارەكەشی نەزانراوە.

زیاتر گوتی، زیادكردنی پشكنینی نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تووشبوون، بەتایبەتی كاتێك ئەو نەخۆشییە لەناو گەنجان زیادی كردووە كە تەمەنیان لەو تەمەنە بچووكترە كە پشكنینیان بۆ دەكرێِت، بۆ نموونە لە ئەمەریكا تەمەنی پشكنینی بۆ دەكرێت 45 ساڵە.

ئەو پزیشكە دەڵێت، كێشە گەورەكە ئەوەیە نەخۆشییەكە تا دەگاتە قۆناغێكی پێشكەوتوو دەستنیشان ناكرێت، زۆرجار چاوپۆشی لە نیشانە سەرەتاییەكانی دەكرێت، بەو پاساوەی هێشتا نەخۆشەكە لە تەمەنێكی بچووكدایە بۆ ئەوەی تووشی شێرپەنجەی قۆلۆن و رێكە ببێت.

لە نیشانەكانی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە بوونی خوێنە لە پاشەڕۆ و گۆڕانكاری لە جووڵەی ریخۆڵەكان و تووشبوون بە سكچوون و قەبزی و ئازاری بەردەوامی سك و لەدەستدانی بێ هۆی كێشی لەش، ئەگەرچی بوونی خوێن لە پاشەڕۆ هەموو جارێك ئاماژە نییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە، بەڵام گرنگە ئەوانەی خوار تەمەنی 50 ساڵ ئەگەر ئەو نیشانانەیان هەبوو پشكنینی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە بكەن، بەتایبەتی ئەگەر تۆماری خێزانی یان بۆماوەیی هەبێت.   

ئەو پزیشكە دووپات لە گرنگی سیستمی تەندروستی خۆراك و شێوازی ژیانی تەندروست دەكاتەوە، جیا لە راوێژ بە پزیشك و ئارەزایان و ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی و پێڕەوكردنی چارەسەرییەكانی بۆ نەخۆش دیاری دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل