بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە سیدەكان دادەنرێت

:: PM:11:31:19/03/2023 ‌

یەكێك لە ئامانج و بەنامەی كاری كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی دەیان و سەتان پڕۆژەی گەورە و بچووكە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری ئەنجام دراون، جیا لە هەڵمەتێكی فراوانی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی رێگەوبانەكان، بڕیارە سبەی بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە شارۆكەی سیدەكان دابنرێت.

خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە سبەی دووشەم بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بەردی بناغەی پڕۆژەی گەلی لێتان و رێگایەكی سنووری دەشتە هێرت بە گوژمەی سێ ملیار دینار دابنرێت. 

زیاتر گوتی، ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كەمترە لە ساڵێك، بەتەواوكردنی كێشەی رێگەی زیاتر لە 30 گوند چارەسەر دەبێت و درێژی هەردوو رێگەكان 20 كیلۆمەترە.

 شارۆكەی سیدەكان دەكەوێتە سێگۆشەی سنووری عێراق و ئێران و توركیا بە دووری 144كم باكوری لە پارێزگەی هەولێر، ساڵی رابردوو بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شارۆكەكردنی راگەیانرا و بووە پێنجەمین شارۆكەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

سۆران/ سدقی كوێستانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل