كاتی هەڵبژاردن دیاری كرا

:: AM:09:01:20/03/2023 ‌
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەك رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی پەسند كرد، ئەوەیش دوای كۆبوونەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ.

لە سەعات دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكانی دەست پێ‌ كرد، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بڕیار درا ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت.

لە دانیشتنەكەی پەرلەمان دەنگ لەسەر مادەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن درا، كورسییەكانی ئەنجوومەنیش دابەش كران و پێكهاتەكانیش كورسییان بۆ دانرا.

لە پڕۆژیاساكەدا هاتووە، 320 كورسی بەسەر پارێزگاكان دابەش دەكرێت، نۆ كورسی بەسەر كۆتاكان دابەش دەكرێت، مەسیحی پێنج كورسی لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغدا، هەولێر، دهۆك و نەینەوا وەردەگرێ‌.

سابیئەی مەندائی یەك كورسی لە پارێزگای بەغدا، كوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەك كورسی، شەبەك یەك كورسی لە پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەك كورسی لە پارێزگای نەینەوا وەردەگرن.

لە یاساكەدا هاتووە، ئەو پارێزگایانەی كۆتاكانیان بەسەردا دابەش كراوە، بە یەك بازنە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. 





وشە - رامیار جەواد