نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكی ڤیدیۆیدا به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز رای گه‌یاند، ئاگری نه‌ورۆز، دیسان وه‌ك هه‌میشه بڕوا و هێز و تینمان گڕدهداتهوه. بۆیه كورد نه‌كه‌وتووه و هه‌رگیز ناكه‌وێ.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 20ی ئادار/ مارس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی، نه‌ورۆز، جه‌ژنی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ییی كورده. جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن و بڕوابه‌خۆبوون، شانازی و شكۆمه‌ندییه. هێمای هه‌ڵسانه‌وه و ژیانه‌وه‌ی گیانی كوردایه‌تی و حه‌زی ژیان و مرۆڤدۆستیی كورد و ته‌واوی گه‌لی كوردستانه. نه‌ورۆزه و له گیان و خوێن و ناخ و ده‌روونی هه‌موو كوردێكدا، خولیای ڕزگاری، ئازادی، ژیانێكی سه‌رفراز، گه‌شبوونه‌وه‌ی هیوا و ئومێد بۆ داهاتوویه‌كی باشتر، نوێ ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، له نه‌ورۆزدا ئیشق و خۆشه‌ویستیی كورد و گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی، بۆ خاك و وڵاته‌كه‌ی، بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، له دایك ده‌بێته‌وه.
ده‌قی په‌یامه‌كه:
گه‌لی كورد و كوردستانییانی ئازیز له كوردستان و له هه‌ر كوێی جیهان بن،
به گه‌رمی و له ناخمی دڵمه‌وه جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردی له هه‌مووتان، له خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان پیرۆز ده‌كه‌م. سڵاو ڕێز و خۆشه‌ویستیم بۆ یه‌ك به یه‌كی دایك‌وباوك و هاوسه‌ر و منداڵان و خوشك و برایان و كه‌سوكاری شه‌هیدان.
پیرۆزبایی و سڵاو و ڕێزم بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، بۆ ئاسایش و پۆلیس و دژه‌تیرۆر و ته‌واوی هێزه ئه‌منییه‌كان كه ئاسایش و ئارامیی كوردستان ده‌پارێزن.
پیرۆزبایی و سڵاو و ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هه‌ر بوارێكی كار و فه‌رمانبه‌ریدا، خزمه‌ت ده‌كه‌ن. له بنیاتنان و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شانه‌وه‌ی كوردستاندا، به‌شدار و هاوبه‌شن.
نه‌ورۆز، جه‌ژنی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ییی كورده. جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن و بڕوابه‌خۆبوون، شانازی و شكۆمه‌ندییه. هێمای هه‌ڵسانه‌وه و ژیانه‌وه‌ی گیانی كوردایه‌تی و حه‌زی ژیان و مرۆڤدۆستیی كورد و ته‌واوی گه‌لی كوردستانه. نه‌ورۆزه و له گیان و خوێن و ناخ و ده‌روونی هه‌موو كوردێكدا، خولیای ڕزگاری، ئازادی، ژیانێكی سه‌رفراز، گه‌شبوونه‌وه‌ی هیوا و ئومێد بۆ داهاتوویه‌كی باشتر، نوێ ده‌بێته‌وه.
ئاگری نه‌ورۆز، دیسان وه‌ك هه‌میشه بڕوا و هێز و تینمان گڕدهداتهوه. بۆیه كورد نه‌كه‌وتووه و هه‌رگیز ناكه‌وێ، چونكه هه‌موو سه‌ره‌تای به‌هارێك، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م بڵێسه‌ی نه‌ورۆزدا، گیانی به‌رخودان و ئازادی و سه‌رفرازی له هه‌موو كوردێكدا زیندوو ده‌بێته‌وه.
ئازادی و ده‌ستكه‌وته‌كان، به‌رهه‌می گیانی نهورۆزییانهی نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لی كوردستانن. به گیان و خوێن و فرمێسك و ده‌یان ساڵی خه‌بات و به‌ره‌نگاریی تێكۆشه‌رانی كورد و كوردستانییان، به‌ده‌ست هاتوون.
هه‌موومان دوێنیی ژێرده‌ستی و ستهمكاریمان له‌بیره. هه‌موومان گرتن و كوشتن و ڕاگواستن، سووتاندن و وێرانكردن و له‌ناوبردن، كیمیاباران و ئه‌نفال و جینۆسایدمان له‌بیره و هه‌رگیز له‌بیرمان ناچنه‌وه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه نه‌یانتوانی ئیراده‌ی كورد و گه‌لی كوردستان بۆ ژیان و ئازادی و سه‌رفرازی بشكێنن! چونكه كورد له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م گڕی هه‌موو نهورۆزێكدا، دووباره تێدههڵدهچێتهوه و به‌گوڕتر ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
له نه‌ورۆزدا ئیشق و خۆشه‌ویستیی كورد و گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی، بۆ خاك و وڵاته‌كه‌ی، بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، له دایك ده‌بێته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌یشه نهێنیی مانه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له زیندووه، كه به‌هێزترین سته‌مكار و چه‌كی سه‌رده‌م، نه‌یبه‌زاند و هه‌گیز نابه‌زێت.
گه‌لی كورد و كوردستانییانی خۆشه‌ویست..
با نه‌ورۆز و به‌هاری نوێبوونه‌وه، له‌گه‌ڵ خۆمان، له‌گه‌ڵ خێزان و ماڵ و كه‌سوكار و هاوڕێیانماندا، بكه‌ینه نوێنكردنه‌وه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستی و ڵێبوردن و ئاشتبوونه‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش، با نه‌ورۆز بكه‌ینه ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ هاریكاریی هاوبه‌ش و یه‌كترقبووڵكردن و كاری پێكه‌وه‌یی. تاكو بتوانین له هه‌رێمی كوردستان كێشه و ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنین، له‌گه‌ڵ به‌غداش پێكه‌وه به یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست، به گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا، داوا له لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌كه‌م به گیانێكی عێراقییانه‌ی نیشتمانی كه حزب و نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب تێپه‌ڕێنێت، هه‌موومان پێكه‌وه بۆ عێراقێك كار بكه‌ین، وڵاتی هه‌موومان بێت. عێراقێك كه ئارامی و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری، ژیان و شكۆ و ئێستا و داهاتووی نه‌وه‌كانی، پارێزراو بێت. عێراقێك به هه‌موومان پێكه‌وه بتوانین بیكه‌ینه نیشتمانێكی باشتر بۆ هه‌مووان.
له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق به ئاراسته‌یه‌كی ڕاستدا ده‌ڕۆین. هه‌نگاوه‌كان مایه‌ی ئومێد و خۆشحاڵین. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، دروستكردنه‌وه‌ی متمانه و دڵنیایی له‌نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كاندا، عێراق ده‌كاته‌وه به وڵاتێكی به‌هێز و پارێزراوی ڕێزلێگیراو. هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر ڕۆشناییی ده‌ستووردا ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كه بۆ سه‌رخستنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی و بنه‌ماكانی دیموكراسی له عێراق.
كوردستانییانی خۆشه‌ویست،
گه‌شت و سه‌یران و جۆش و خرۆشی نه‌ورۆز، نیشاندانی گیانی زیندووی ژیاندۆستی و ئاشتیخوازیی كورد و كوردستانییانه. ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه ڕه‌نگینه‌ی له‌ناو سروشتی جوانی كوردستاندا ده‌یگێڕین، له حه‌زێكی قووڵه‌وه بۆ ژیان و ئارامی، بۆ كامه‌رانی و ئاسووده‌یی، بۆ پێكهاتنه‌وه و ئاشته‌وایی هه‌ڵده‌قوڵێت. به‌شێكی گرنگ و به‌نرخی به‌هاكان و گیان و كولتووری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یی بۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه و جیهان درێژ ده‌كه‌ین. هه‌مووان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه وه‌ك هه‌میشه فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری و پارێزه‌ری ڕێزله‌یه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان ده‌بین.
پیرۆزبایی له‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه ده‌كه‌م كه جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن. سڵاو و پێ‌زانین بۆ پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماتكاران و ڕێكخراوه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان. هیوادارم هه‌موویان نه‌ورۆزێكی خۆش به‌سه‌ربه‌رن.
داوا له هاووڵاتییانی ئازیز ده‌كه‌م له گه‌شت و سه‌یراندا، ئاگاداری خۆیان بن. پاكوخاوێنیی ژینگه و سروشتی جوانی كوردستان بپارێزن. پابه‌ندی ڕێنمایییه‌كانی هاتوچۆ بن.
جه‌ژنی هه‌مووتان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به خۆشی.
ساڵی سه‌ركه‌وتن و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانتان بێت.
جه‌ژن و پشوویه‌كی خۆش و ئارام بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم.
هه‌ر سه‌رفراز بن.