پەیامێک لە وەزیری دەرەوەی تورکیاوە بۆ مەسروور بارزانی

:: PM:08:27:20/03/2023 ‌
مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیامێكی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و بە دەستەواژەی "دۆستی قەدرگرانم" پەیامەكەی دەست پێ كردووە.

لە پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: "بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، دۆستی قەدرگرانم، لەگەڵ ژیانەوەی سروشت، لە ناخی هەستەكانمەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزت لێ دەكەم، كە هۆكارێكە بۆ سەوزكردنی هیواكانمان و پتەوكردنی برایەتیی نێوانمان."

چاوشئۆغلو هەروەها نووسیویەتی: "نەورۆز بە درێژایی مێژوو، رەنگدانەوەی مرۆڤەكان بووە بۆ تێگەیشتنیان لە ژیان لەگەڵ سروشتدا، لەگەڵ ئەوەی سیمبۆلی دووبارە نوێبوونەوە و ژیانەوەیە لە هەمان كاتیشدا سیمبۆلی هاودەنگی و خۆشبەختیە، ئێمە سەرقاڵی سارێژكردنی بریندارەكانی كارەساتی بوومەلەرزەین كە چەقەكەی شاری كەهرەمان مەراش بوو لە شەشی شوباتی 2023، بۆیە لە وڵاتەكەمان بە خەمناكییەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەكەین."

لە درێژەی پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: "ئەو رۆژەی وەكو موژدەبەخشی بەهار پیرۆز دەكرێت، لە هەمان كاتیشدا ساتی پتەوكردنی هەستی یەكبوون و پێكەوەیی و هاوسۆزییە، جگە لەوەی دەمەوێت سوپاستان بكەم كە دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی."

وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆتاییشدا دەڵێ: "بەم بۆنەیەوە هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ وڵاتەكەمان و گشت جیهان دەخوازم، هیوای تەندروستیی باش و خۆشبەختی و سەلامەتی بۆ كەسایەتی بەڕێزتان و خەڵكی هەرێمی دۆستمان دەخوازم."


وشە - تایبه‌ت