"بەهۆی حوكمڕانی مەسروور بـارزانی ئایندەی كوردستان گەش دەبینم"

:: PM:11:49:20/03/2023 ‌
 
بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی كورد و نەورۆزەوە، ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن چەندان سەركردە و كەسایەتی عێراقیی و جیهانییەوە پەیامی پیرۆزبایی پێگەیشت و پاتریاركی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان، لە پەیامەکەیدا دەڵێ، لە ماوەیەکی کەمدا دەبینم مەسروور بارزانی کاری گەورەی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئاداری 2023، مارئاوای سێیەم كە پاتریاركی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە لە جیهان، پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بۆ مەسروور بارزانی نارد و گوتی: لە جەژنی نەتەوەیی كورد و ساڵی نوێی كوردیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و تەواوی گەلی كوردستان دەكەم. 

لە درێژەی پەیامەكەی پاتریاركدا هاتووە، لە ماوەیەكی كورتدا ئەو پێشكەوتنە مەزنەم بینی كە لە ماوەی حوكمڕانی مەسروور بارزانیدا لە رووی ئەمنی، ئابووری، مافی ژن، ئازادی ڕا دەربڕین، هاندانی گەنج بۆ پشتبەستن بەخۆیان و پێشاندانی هێزی خۆیان، هاتووەتە كایەوە، بەم هۆیەوە زۆر گەشبینم بە ئایندەی هەرێمی كوردستان. 

مارئاوای سێیەم 122ـەمین پاتریاركی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە لە جیهان و پێشتر سكرتێری كۆمەڵگەی پیرۆزی مەسیحییەكان بووە، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی نێوان كەنیسەكان و پەرەپێدانی پەروەردەیی و سەرۆكی لیژنەی بەڕێوەبردنی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووریی بۆ گەنجانی رۆژهەڵات لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

لە کوردستان جگە لە کورد کە زۆرینەی رەهان، مەسیحی و تورکمان و ئەرمەن، لە شانی دەیان ئاینزاوە بە ئاشتی پێکەوە دەژین و ئەوەش خاڵێکی سەرنجڕاکێشە بۆ جیهان.

مەسیحییەکان لە کاتی پرۆسەی ئازادی عێراق/ 2003، لە عێراق ژمارەیان دوو ملیۆن کەسبوو، بەڵام بەهۆی توندوتیژییەکان ئێستە ژمارەکە کەم بووەتەوە بۆ 300 هەزار و ئەوانیش زۆرینە لە کوردستان دەژین، بەهۆی ئەو ژینگە لەبارەی بۆ قبووڵکردنی جیاوازی رەخساوە


وشە - تایبه‌ت