بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە لە دهۆك 50 كەس بریندار بوون

:: AM:10:27:21/03/2023 ‌
تەندروستیی دهۆك ئامارێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، لە ئێوارەی دوێنێوە بەهۆی یارییە ئاگرینەكان، زیاتر لە 50 كەس بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن كراون.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆكەوە وەریگرتووە، دوێنێ لە ئاهەنگەكانی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی 2723 لە كاتی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و تەقاندنی یارییە ئاگرینەكان، دەیان كەس بریندار بوون.

لە زانیارییەكاندا ئەوەیش هاتووە، ژمارەی ئەوانەی بریندار بوون كە رەوانەی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن كراون، گەیشتە 50 كەس.

لەبارەی برینی ئەوانەوە روون كراوەتەوە كە حاڵەتی تەنگەنەفەسی و سووتانە كە برینەكانیش سووكن.

ئێوارەی هەموو ساڵێك لە 20ی ئادار، لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا فێستێڤاڵ و ئاهەنگ و چالاكیی جۆراوجۆر بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی بەڕێوە دەچن. بۆیە هاووڵاتییان لە هەر شوێنێك بن خۆشیی خۆیان دەردەبڕن، لە دوای هەڵكردنی ئاگری نەورۆز، هاووڵاتییان یاریی ئاگرین دەتەقێنن، ساڵانەش بەهۆیەوە چەندان كەس بریندار دەبن.


وشە - زریان تەها