بەرپرسێكی پارتی: یەكێتی چاكسازییەكانی حكوومەتی پێ قبووڵ ناكرێت

:: AM:11:35:21/03/2023 ‌
مەردان خدر بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی "وشە"دا باسی پێوەندییەكانی حزبەكەی و یەكێتی و دەڵێت، "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ بیانوویەكی  بۆ تیمی یەكێتی نەهێشتووەتەوە بۆ نەگەڕانەوەیان بۆ كۆبوونەوەكانی حكوومەت."

دوای دەستبەكاربوونتان وەك بەرپرسی لق، چیتان كردووە بۆ ئەوەی بەرنامەی كۆنگرەی 14ی پارتی جێبەجێ بكەن؟
لە هەردوو شارۆكەی ئاكرێ و بەردەڕەش كار لەسەر جێبەجێكردنی پەیامی سەرۆك بارزانی دەكەین كە ئەو لە كۆنگرە باسی لەوە كرد، پێویستە ئۆرگانەكانی پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، خزمەتی خەڵك بكەن.

گەنجان ناڕازین، ئێوە چیتان كردووە بۆ ئاشتكردنەوەیان؟
كێشەی سەرەكیی گەنج بێكارییە و بۆ نەهێشتنی بێكاری پێویستە گەنجان پشت بە كەرتی تایبەت ببەستن، لەگەڵ هەردوو قایمقامی ئاكرێ و بەردەڕەش، سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كرد و لەگەڵ سەرۆكی دەستە كۆبوونەوەمان كرد، چەندان بابەت باس كران، دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری و كشتوكاڵی لە رێی سەرمایەداران، تەواو كردنی ئەو پڕۆژەیە كە تەواو نەكراوە.

كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن؟
كاری كابینەی نۆ چاكسازییە و خزمەتكردنە، خۆشبەختانە ئەو پڕۆژانەی لەو ناوچەی ئێمە جێبەجێ دەكرێت، لە مێژووی ئەو ناوچەیە هێندە پڕۆژە ئەنجام نەدراون، سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی هاتوونەتە پێش ئەو كابینەیە، بەڵام حكوومەت بە رژدی كاری كردووە.

ناكۆكی لە نێوان یەكێتی و پارتی هەیە، ئایا هۆكاری ئەو ناكۆكییانە چین؟
ناكۆكی لەسەر ئەوەیە ئەو كابینەیە دەیەوێت چاكسازی بكات و شەفاف بێت، تیمی یەكێتی لە حكوومەت دەیەوێ ئەو ناكۆكییانە لە حكوومەتدا بكاتە ناكۆكیی سیاسی، بیانخاتە نێوان یەكێتی و پارتی بۆ دەستكەوتی سیاسی، ئەگەرنا پارتی ناكۆكیی لەگەڵ یەكێتی و هیچ حزبێكی تر نییە، بەڵام یەكێتی ئەو چاكسازییانەی حكوومەت دەیكات قبووڵی نییە .

بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە هەندێك هەنگاو نران، هەنگاوەكان بە كوێ گەیشتن؟
سەرۆكی حكوومەت كە داوای كردووە تیمی یەكێتی بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی حكوومەت، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەكیان نەمێنێت، وەك پارتی پشتگیری لەو هەنگاوە دەكەین كە تیمی حكوومەتی یەكێتی بگەڕێنەوە و بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بچین.

ئێستە هیچ بەربەستێك هەیە بۆ كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی؟
ئەو بەربەستانەی هەبوون زۆرینەیان چارەسەر كراون و هیچ بیانوویەك نەماوە.

بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەمساڵدا، هەموو كێشەكانی بەردەم ئەو پرۆسەیە چارەسەر كراون؟
هەموو كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەر كراون، بۆیە پارتی بەهەموو داواكارییەكان رازی بووە و بیانوو بۆ بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن نەماوە.

پارتی زۆر داكۆكی لە مافی پێكهاتەكان دەكات، هۆكاری ئەو داكۆكییە چییە؟
ناكرێ پێكهاتەكان ببنە قوربانی بەرژەوەندیی حزبەكان و پرسی مافی پێكهاتەكان لای پارتی و سەرۆك بارزانی هێڵی سوورە، بەهیچ جۆرێك ناكرێ هیچ رێككەوتنێكی سیاسی لەسەر حیسابی مافی پێكهاتەكان بێت. 

لە سنووری بەردەڕەش و ئاكرێ لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی كورسییەكی لە دەست دا، هۆكار چی بوو؟
هەندێك هۆكاری تەكنیكی هەبوون لە دابەشكردنی سنوورەكان بەسەر كاندیدەكان، ئەوە بووە هۆی ئەوەی كورسییەك لە دەست بدەین، ئەگەرنا بەشی زیاتر لە چوار كورسی دەنگمان هێنابوو.

ئەمجارە كاندیدەكان لەسەر چ بنەمایەك دادەنرێن؟
كاندیدەكان لەسەر بنەمای توانا و خاوەن جەماوەر بن و خەڵك  لێیان رازی بێ.  

وشە/بڵند ئیبراهیم


وشە - وشه‌