خۆپێشاندان لە رۆژئاوای كوردستان دەستی پێ كرد

:: PM:12:26:21/03/2023 ‌
خۆپێشاندان لە رۆژئاوای كوردستان بەرانبەر كوشتی چوار هاووڵاتییە كوردەی دوێنێ لە جەندرێس دەستی پێ كرد و خۆپێشاندەران داوای دەركردنی ئەو میلیشایانە دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار، بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی رۆئاوای كوردستان، خۆپیشاندان لە شارۆکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین  دەستی پێ كردووە، خۆپێشاندەرانیش داوای دەرکردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە شارۆکەکەیان دەكەن.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە داوای تۆڵەسەندنەوەی  شەهیدکردنی چوار هاووڵاتییە کوردەكەی  دەکەن، کە بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە دوێنێ شەهید كران.

بەپێی ئەو وێنانەی بڵاو كراوەتەوە، ژماریەكی زۆر لە هاووڵاتییان بە ئاڵای كوردستانەوە لە ناو خۆپێشاندانەكان دان، بە دەنگی بەرز داوای دەركردنی ئەو گرووپە چەكدارانە دەكەن.

 
ئێوارەی دوێنێ 20ی ئادار، خێزانێكی كورد لە رۆژئاوی كوردستان لەناو گوندەكەیان، خەریكی هەڵكردنی ئاگری نەورۆز دەبن، لەلایەن میلیشیاكانی "ئەحڕار شەرقی" تەقەیان لێ كرا، دەستبەجێ چوار كەسیان كوژران و سێ كەسی تریش بریندار بوون.

بەناوەکانی، فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ، نەزمی عوسمان 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ گیانیان لەدەستداوە.

روانگەی مافی مرۆڤی سووری كە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو گرووپە تەقیان لەو خێزانە كردووە، لەلایەن توركیاوە پاڵپشت دەكرێن و لەبەرئەوەی ناحەزی كوردن و بۆ سووكایەتی بە جەژنی نەورۆز، ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە. 

روانگەكە لە بەیاننامەكەیدا روونی كردووەتەوە، خێزانێك لە گوندێكی جەندیرس و لە نزیكی ماڵی خۆیان، ویستوویانە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن، كەچی چەكدارانی "ئەحڕار شەرقی" كە لەو ناوچەیە جێگیرن، تەقەیان لێ كردوون.

جەندیرس سەربە پارێزگای حەلەبە، لە ناوچەیەك هەڵكەوتووە كە هێزەكانی حكوومەتی سووریای لێ نییە


وشە - زریان تەها