ئەردۆغان: ئاستی بەردانەوەی ئاوی دیجلە بە ئاراستەی عێراق زیاد دەكەین

:: PM:07:48:21/03/2023 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئاداری 2023، محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە توركیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازی كرا و چەند بابەتێك لە نێوان دوو وڵاتەكە بڕیاری لەبارەوە درا. 

دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رای گەیاند، كە سەردانی كردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیشانەی دۆستایەتی نێوان گەلی عێراق و توركیایە و هاوكات ئاماژەی بەوەیش كرد كە ئێمە هەست بەوە دەكەین عێراق كورتهێنانی لە ئاودا هەیە بۆیە بڕیارمان داوە كە بڕی ئاوی زیاتری دیجلە بە ئاراستەی عێراق بەربدەینەوە. 

هاوكات سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیارماندا لەسەر پرۆژەی هێڵی ئاسنین كە عێراق و توركیا بەیەكتر دەبەستێتەوە و لە بەسرە دەست پێدەكات تا سەرەتای سنوورەكانی توركیا. 

لای خۆشیەوە محەمەد شەیاع سوودانی لەبارەی كۆبوونەوەكە رای گەیاند، لەگەڵ سەركۆماری توركیا كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان ئەنجامدا و جەختمان لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵی هەردوو دا بۆ هاریكاری و هاوئاهەنگی لە گشت بوارەكان و بە تایبەت بواری ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.


وشە - تایبه‌ت