بەرۆژووبوون سوودێکی زۆری هەیە بۆ جەستە بەگشتی، بەتایبەت بۆ ئەوانەی دەیانەوێ کێشی جەستەیان داببەزێنن، بەڵام هەندێک حاڵەت یان نەخۆشیی هەن بەگوێرەی دین و زانستی پزیشکی نابێ بەڕۆژوو بن.
دکتۆر داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە، بۆ ''وشە'' گوتی، هەرچەندە ڕۆژوو گرتن سوودی تەندروستی زۆری هەیە بۆ هەموو کەسێک، بەڵام هەندێک نەخۆش نابێت و ناتوانن بەڕۆژوو بن، وەک ئەمانەی خوارەوە:
- ئەو کەسانەی بەرزیی فشاری خوێنیان هەیە و هەمیشە زەختەکەیان بەرزە، ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و حاڵەتەکەیان ناجێگیرە، وەک ''سستی دڵ و زەبحە و جەڵتەی دڵ'' نابێ بەڕۆژووبن.
- نەخۆشی شەکرە کە دەرزی ئەنسولین یان ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنن کە شەکرە زۆر دادەبەزێنێ، ئەو نەخۆشانەی هەمیشە شەکرەکەیان بەرزە یان شەکرەیان زۆر دادەبەزێ، ئەو نەخۆشانەی پێش ڕەمەزان پشکنینی سێ مانگی شەکرە ''HbA1c'' یان لە نۆ زیاتر بێت، ئەو نەخۆشانەی شەکرە کە تووشی ماکەکانی شەکرە بوون وەک ''تێکچوونی تۆڕەی چاو و ئاوی سپی و زەختی چاو، فڕێدانی پڕۆتینی گورچیلە و ترشبوونی شەکری خوێن DKA.
- نەخۆشانی سستی گورچیلە و هەوکردنی سەختی گورچیلە و بەردی زۆری گورچیلە و بەرزی یوریک ئەسید وا باشە بەڕۆژوو نەبن.
- نەخۆشی قورحەی گەدە و قورحەی دوانزەگرێی چالاک و خوێنبەربوونی گەدە.
- نەخۆشانی کەمخوێنی سەخت تا کەمخوێنەکەیان چاک نەبن وا باشە بەڕۆژوو نەبن.
- نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک ''سیل و شێرپەنجە و هەوکردنە سەختەکان''.
- ئەو کەسانەی ڕەبۆی سەخت یان هەوکردنی سەختی قوڕگیان هەیە و پێویست دەکات بەردەوام ئاو بخۆنەوە و قوڕگیان تەڕبێت.
- هەندێ لە نەخۆشانی شەقیقە بە برسیەتی خراپ دەبن وا باشە بە ڕۆژوو نەبن.