دراوێكی نوێ‌ لە عێراق چاپ دەكرێ‌ و دۆلاریش هەرزان دەبێت

:: PM:01:11:29/03/2023 ‌
بەرپرسێكی بانكی ناوەندی پێشبینی كردووە لە ماوەی داهاتوودا، جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و ئێستە دۆلار كەم دەبێتەوە، ئەگەری چاپكردنی نرخی 20 هەزار دیناری هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی ئادار، محەمەد مونیر یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی  وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی رای گەیاندووە، پاكێج و ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق بۆ بەشداربوون لە سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار بەردەوامە، هەروەها پێشبینی كەمبوونەوەی جیاوازی نێوان نرخی ئێستەی دۆلار و نرخی دیاریكراو دەكەین.

باسی لەوەش كردووە، هەر هەنگاوێك كە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و ڕادەی وەڵامدانەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕ هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، هەروەها لایەنە باش و خراپەكانی چینە باس دەكرێ‌.

روونی كردەوە، كار دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری چاپكردنی دراوێكی 20 هەزار دیناری و لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری چاپكردن یان چاپنەكردنی دەدرێ‌.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی بەشی كۆنترۆڵی چاودێری بانكە بازرگانییەكان دەكات، هەروەها تیمی پشكنینی مەیدانی و فەرمانگە هەیە كە بەرپرسیارن لە چاودێریكردن بۆ نرخەكان.

دووپاتی لەوەش كردەوە، دەرگا و تەلەفۆنەكانی بانكی ناوەندی كراوەن بۆ هەر سكاڵایەك كە هاووڵاتی پێشكەشی بانكەكان یان یەكێك لە داودەزگا داراییەكان یان بازرگانەكان بكات، سكاڵاكە جێبەجێ دەكرێت و ڕێكاری بەپەلە لەبارەیەوە دەگیرێتەبەر.



وشە - رامیار جەواد