سبەی خۆڵبارین و سەرما و باران تێكەڵ دەبن

:: PM:05:23:30/03/2023 ‌

بڕیارە سبەی هەینی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەونە ژێر كاریگەری دوو شەپۆلی جیاوازی كەشوهەواوە، لەلایەك شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین ناوچەیەكی فرەوان دەگرێتەوە، لەلایەكی تر شەپۆلێكی باران و سەرمای جەمسەری كە 48 سعات بەردەوام دەبێت.

واسق سەلامی، كەشناس دەڵێت، لە رێگەی چاودێریكردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای عێراق، رەشەبایەكی خۆلاوی دروست بووە و بڕیارە نیوەڕۆی سبەی هەینی بەشێوەیەكی چڕ ناوچەیەكی فرەوانی عێراق بگرێتەوە.  

روونی كردەوە، هەرچی ئەو بارستە سەرمایەی دوێنێ باسمان كرد، ئێستە ئەویش هاتووەتە ناو ئاسمانی عێراق لەلای رۆژئاوا و باكوری رۆژئاواوە، ئەو شەپۆلەش ماوەی 48سعات بەردەوام دەبێت و دوو سبەی شەموو لە ترووپكی بەهێزیدا دەبێت. 

ئاماژەی كرد، بەو هۆیەوە لە تەواوی ناوچەكان پلەی گەرما دادەبەزێت، بەڵام ناوچەكانی باكور و هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا كاریگەری زیاتریان دەكەوێتە سەر بە بەراورد بە ناوچەكانی تر.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی ئەمشەو باران دەبێت، لەوانە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و مووسڵ، لە سبەی هەینیشەوە رەشەبایەكی خۆڵاوی و خۆڵبارین دەست پێ دەكات، هەرچی دابەزینی پلەكانی گەرمایە، لەمشەوەوە دەست پێ دەكات و ئەگەری هەیە لە ناوچە شاخاوییەكان بگاتە ژێر پلەی سفری سەتی. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل