ئامارێك: لە سەرەتای جەنگەكەوە نزیكەی 174 هەزار سەربازی رووسی كوژراون

:: AM:11:43:01/04/2023 ‌

بەپێی ئامارێك كە سوپای ئۆكراینا بڵاوی كردووەتەوە، لەوەتەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە و تا ئێستە، 173 هەزار و 995 سەربازی رووسی كوژراون. بەڵام ئاامارەكە باسی لە كوژرانی سەربازە ئۆكراینییەكانی نەكردووە.

"ئەهرام" كە پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەلئەهرام"ی میسرییە، ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئۆكراینا لە ئامارێكدا رای گەیاندووە، لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە، هێزەكانیان توانیویانە 173 هەزار و 995 سەربازی رووسی بكوژن.

بەپێی ئامارەكە كە ئاژانسی هەواڵیی "یوكەرینفۆرم"ی ئۆكراینی" بڵاوی كردووەتەوە، جیا لە كوژرانی سەربازە رووسییەكان، ئاماژە بەوە كراوە كە سێ هەزار و 616 تانك و شەش هەزار و 981 زرێپۆشی رووسی تێكشكێنراون، جیا لە تێكشكانی دوو هەزار و 683 تۆپهاوێژ.

ئاماژە بەوەش دراوە كە 527 سیستمی راجیمەی مووشەكی و 279 سیستمی بەرگریی ئاسمانی وێران كراون، وێڕای تێكشكاندنی 306 فڕۆكە و 291 هەلیكۆپتەر و 18 كەشتیی جەنگی. هاوكات پێنج هەزار و 528 ئۆتۆمبێلی سەربازی تانكەری سووتەمەنی تێكشكاون و هەروەها كەواندنی 911 مووشەكی كرۆزی رووسی.

ئەو ئامارانەی لەبارەی جەنگەكەوە لەلایەن ئۆكراینا و رووسیا بڵاو دەكرێنەوە، جیاوازن و هەردوو وڵات لە ئامارەكانیاندا هەوڵ دەدەن زیانەكانی خۆیان بە دروستی ئاشكرا نەكەن. لەم ئامارەی ئۆكراینایشدا ئاماژە بە زیانەكانی خۆیان نەكراوە.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتی ئۆكراینا دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د