پیاوێك كچەكەی بەرانبەر بە "توك توك" دەفرۆشرێت

:: PM:03:18:01/04/2023 ‌
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، پیاوێك كچە هەرزەكارەكەی بەرانبەر بە ماتۆڕی "توك توك" فرۆشتووە، بەوهۆیەوە ئێستە گیراوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، ئەمڕۆ پیاوێكیان لە شاری بەغدا گرتووە كە كچە هەرزەكارەكەی بەرانبەر بە "توك توك"ێك فرۆشتووە.

لە بەیاننامەكەیدا وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، ژنێك لە گەڕەكی زەعفەرانییەی بەغدا كە دایكی كچەكەیە، دوێنێ سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەی تۆمار كردووە كە كچەكەی كە هێشتا هەرزەكارە /12 ساڵ/، بەرانبەر بە ماتۆڕێكی "توك توك" فرۆشتووە، بۆیە ئێستە پیاوەكە گیراوە و لێكۆڵینەوەی رژدی لەگەڵ دەكرێت.

دۆخی ئابووریی عێراق بەهۆی ناعەدالەتی و گەندەڵییەوە گەیشتووەتە ئاستێك، رۆژانە رووداوی لەو شێوەیەی لێ دروست دەبێت. بەپێی هەواڵێكی "وشە"یش كە ئەمڕۆ بڵاو بووەتەوە و بەپێی ئامارێكی نوێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی هەژاری لە شارەكانی عێراق بە خێرایی لە هەڵكشاندایه ‌و دۆخەكە گەیشتووەتە حاڵەتێك، پارێزگا هەیه رێژەی هەژاری تێیدا‌ لە سەرووی 50%یە،  ئەوەش بە تەواوی لە ستانداردی جیهانی دەرچووە و خەریكە برسێتی شارەكان و خەڵكی عێراق دەخنكێنێت، بەپێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان ئەو ئامارانە بەتەواوی لە خوارەوەن بەجۆرێك لە سلێمانی هەژاری تەنیا 3%یە.

بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانان، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای هەولێر رێژەی هەژاری 6,7%یە، لە پارێزگای دهۆك لە 7%یە، لە پارێزگای سلێمانیش كەمترین رێژە هەیە ئەویش لە 3%یە، ئەو رێژە كەمەی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە كە بەردەوام ئەو پارێزگایە بە پارێزگایەكی ماندوو ناسێنراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د