شارەزایەك: هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:05:01:01/04/2023 ‌

هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا و بەندەری جیهان لە شەمووی رابردوو وەستاوە، هۆكارەكەشی بڕیارێكی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بوو لە پاریس بەوەی پێویستە توركیا پابەندی رێنوێنییەكانی عێراق بێت لە هەناردنی ئەو نەوتەی بە خاكەكەیدا دەڕوات، شارەزایەكی ئابووری گوتی كە هەولێر و بەغدا بە رێككەوتنێكی سەرەتایی گەیشتوون و بەمنزیكانە هەناردنی نەوت دەست پێ دەكاتەوە.

وەك نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بەپێی زانیارییەكانی بەدەستم گەیشتووە، هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەوەش لەدوای بڕیاری دادگەی پاریس.

روونی كردەوە، هەردوو حكوومەت لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتوون، یەكەم/ پێویستە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بێت، دووەم/ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو حكوومەت بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێم، سێیەم/ پێویستە داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حیسابێكی بانكی تایبەت، وەك لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ش هاتووە، ئەو حیسابە لەژێر چاودێری حكوومەتی فیدراڵ دەبێت، بەڵام هەرێم خەرجی دەكات.

چوارەم/ پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان بە هەنگاو هەڵبوەشێنێتەوە، پێنجەم/ پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بە كورد دەدرێت و پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیش لە ماوەی دوو رۆژی تر دەست پێ دەكاتەوە. 

هەر ئەمڕۆ د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە گفتوگۆكانی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان بەردەوامە، لە گفتوگۆكان بەرەوپێشچوون لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام رێَككەوتنی كۆتایی نەكراوە.

دووپاتی كردەوە، دەبێ لە نزیكترین كاتدا رێككەوتن بكرێ، لەبەر سەلامەتیی كێڵگەكان و داهاتی عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە ئەگەر زوو ئەو بابەتە چارەسەر نەكرێت، ئەوا زیان بە كۆی پرۆسەی نەوتی عێراق و هەرێم دەگات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل