ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، جارێكی تر لە بەرانبەر كێشەو گرفتەكان سەرۆكی حكوومەت بە تەنیا خۆی مایەوە و كێشەكانیش بەرەو چارەسەر هەنگاو دەنێن، ئەمجارەش سەلماندی كە سەرۆكێكی خەمخۆرە و هەمیشە بۆ گەلەكەی ئامادەیی هەموو قوربانیدانێكە.
ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان، عەلی عەونی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی، بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك رابردوو هەمیشە بە تەنیا بەرانبەر هەر كێشەیەك وەستایەوە، بەڵام ئەو تەنیا نییە و خەڵكی هەر چوارپارچەی كوردستانی لە پشتە، ئەمە خۆڕاگری سەرۆكی حكوومەتە بەرانبەر بە خەڵكەكەی و ئەو هێرشانی دوژمنان.
هەروەها گوتی، ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی دژی هەرێم قسە دەكەن، ئەوانە بۆ دژایەتی كوردستان دامەزراون، بۆ ئەوەی كوردستان نەگاتە ئەنجام، ئەوان بۆ ئەوە دانەمەزراون كوردستان بگەینە كەناری ئارام، ئەوانە خۆیان فرۆشتووە و دەبێت هەر بەو جۆرە بەردەوامبن، كوردستان دڵسۆزی و خەمخۆری سەرۆكی حكوومەتی بەسە.
باسی لەوەشكرد، هەركاتێك كوردستان تووشی كێشە و كەموكورتی بێت ئەوانە هەل هەلە لێدەدەن، بەڵام كە دەبینن كوردستان پێشكەوتووە و بەرە و گەشەسەندنە ئەوان خەم دایاندەگرێت، ئەوان هەمیشە بەدوای كارەسات و برسیەتین لە كوردستان بۆ ئەوەی ئەسپی خۆیان تاودەن و هەمووی بكەن بەسەر پارتیا.
عەلی عەونی ئەوەیش دەڵێ، سەركەوتن خاوەنی زۆرە، بەڵام شكست هەتیوە و كەس خۆی بە خاوەنی ناكات، ئەوان هەر هەنگاوێك بە شكست دەزانن، پارتی بڕایریداوە گەلیك ئازاد بكات، میللەت دەبێت خۆڕاگربێت، هەر كەس پڕۆژەی هەبێت دەبێت قوربانی گەورەی بۆ بدات و پارتیش ئامادەی هەموو شتێكە بۆ كوردستان.
لێدوانی عەلی عەونی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی لە كاتێكدایە كە جارێكی تر لەسەر ئەو پێشهاتانەی رووبەڕووی كوردستان بوونەوە، سەرۆك وەزیران بە تەنیا مایەوە رووبەڕووی كێشەكان بووەوە كە ئێستە بەرەو چارەسەری دەچن، لە هەمانكاتدا یەكێتی و چەند كەسێكی تر بەردەوام تەپڵی كەوتی كوردستان لێ دەدەن.