فرانس پرێس: دووشەم هەناردنی نەوتی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:09:11:01/04/2023 ‌

چەند سەرچاوەیەك لە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرایان كرد كە لەم نزیكانەدا هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیا دەست پێ دەكاتەوە، وەك "فرانس پرێس" لە دوو سەرچاوەی گواستووەتەوە.

بەپێی ئاژانسی "فرانس پرێس"، دوای هەفتەیەك لە راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە، بڕیارە هەناردنی نەوتەكە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو دەست پێ بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا و هەولێر گەیشتنە رێككەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم، وەك دوو سەرچاوەی حكوومەتی رایان گەیاند.

دوای ئەوەی هەردوولا بە رێككەوتن گەیشتن، سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق گوتی، لە ماوەی دوو رۆژی تر هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا دەست پێ دەكاتەوە، لەوكاتەی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان هەمان ئەو زانیاریانەی دووپات كردەوە.

بەرپرسەكەی حكوومەتی عێراق ئەوەشی گوت، هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە فرۆشتنی نەوتەكە لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بێت، لیژنەیەكی هاوبەشیش سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردنی نەوت لە هەرێم دەكات، هەرچی داهاتی ئەو نەوتەیە، دەخرێتە حیسابێكی تایبەتەوە و لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری حكوومەتی عێراق، وەك بەرپرسە كوردەكە وای گوت.

ئەمڕۆ عاسم جیهاد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەو رێككەوتنەش پێویستی بە رەزامەندی حكوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ جێبەجێبوونی. 

روونی كردەوە، وەزارەتی نەوت خواستی خۆ بە پەلەكردن لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەربڕیوە و وەستانی هەناردنی نەوت زیان لە بودجەی عێراق دەگەیەنێت، جیا لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ئاشكرای كرد، هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە دوای بڕیاری دادگەی پاریس، ئەوان لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بە كورد بدرێت و پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە ماوەی دوو رۆژی تر دەست پێ بكاتەوە.

شایەنی باسە بەم دواییە بەرپرسێكی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەمەریكا داوای لە توركیا و عێراق كردووە دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا بكەنەوە، چونكە بڕینی گەیشتنی وزە بۆ بازاڕەكانی دنیا لەبەرژەوەندی كەسدا نییە، بۆیە ئەمەریكا بەردەوامە لە داواكردن لە بەرپرسانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و نەوت و غاز بەو شێوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە و بەپێی ئەوەی لە دەستوور هاتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل