"بۆ پرسی نەوت شەرعییەتێكی تەواو بە كوردستان درا"

:: AM:09:51:02/04/2023 ‌
 مەحموود حەفید زادە كەسایەتی دیاری سنووری سلێمانی، سەبارەت بە پرسی نەوت و ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراقی چەند خاڵێك دەخاتە ڕوو و ئەوەیش بە سەركەوتن دەزانێت و دەڵێ‌، شەرعییەتی تەواو بە كوردستان درا.
 
مەحموود خەفید زادە لە نووسینێكدا دەڵێ‌، رێككەوتن لەسەر نەوت سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كورد و هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەناردەكردنی نەوت بەردەوام دەبێت و داهاتی نەوتەكە ڕاستەوخۆ بەبێ هیچ كێشەیەك دەچێتە حیساب بانكی حكوومەتی هەرێمەوە و سەربەخۆ هەڵسوكەوتی پێوە دەكات.
 
ئەو كەشارەزا و ئاگاییەكی تەواوی لە رەوشی سیاسیی كوردستان هەیە دەڵێ‌، حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی كێڵگەی نەوتی نوێ و گرێبەستی نوێ لەگەڵ كڕیارانی نەوتی كوردستان دا ،شانبەشانی حكوومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆدا سەر پەرشتی تەواوی پرۆسەكە دەكەن و تەنیا فرۆشتنەكەی لەڕێگەی سۆمۆوە دەبێت كە ئەوەش بۆ حكوومەتی هەرێم كارئاسانیەكە و لەوكۆت و كێشەو ئاستەنگانەی كەپێشتر دەهاتنە سەر ڕێگای ڕزگاری دەبێت.
 
هەروەها دەڵێ‌، لە ڕووی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە شەرعیەتێكی تەواو درا بە هەرێمی كوردستان كە بەپێی یاسا دەتوانێت نەوتی خۆی بێ گرفت بفرۆشێت، كە لە پێشتردا زۆربەی وڵاتان ئامادەنەبوون نەوتی كوردستان بكڕن لەبەر چەندان هۆكار و كێشەی یاسایی و سیاسی.

قسەكانی ئەو كەسایەتییە لە كاتێكدایە كە ئێستە هەرێم و بەغدا لە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هەناردەكردنی نەوت نزیك بوونەتەوە، بەتایبەت دوای بریارەكەی پاریس، هاوكات بڕیارە كە لە 48 سەعاتی داهاتوو هەناردەی نەوت دەست پێ‌ بكاتەوە كە بەهۆی ئەو بڕیارەوە وەستابوو.




وشە - وشه‌