بانكی ناوەندی نزیكەی چوار ملیار دۆلاری فرۆشتووە و نرخەكەی دادەبەزێت

:: AM:10:20:02/04/2023 ‌
بانكی ناوەندی عێراق لە ماوەی مانگی رابردوودا نزیكەی چوار ملیار دۆلاری فرۆشتووە، پێشبینیش دەكرێ ئەمڕۆ نرخی دۆلار دوو بۆ سێ هەزار دینار دابەزێت كە ئێستە 100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دینارە.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی نیسان، بانكی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە مانگی ئاداردا نزیكەی چوار ملیار دۆلاری فرۆشتووە.

ئەمانەش هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی دۆلارن

لە راگەیەنراوەكەدا روون كراوەتەوە كە كڕین و فرۆشتن، سێ ملیار و 906 ملیۆن و 380 هەزار و 890 دۆلاری ئەمەریكی بووە، بەڕێژەیەكی مامناوەند رۆژانە 195 ملیۆن و 319 هەزار و 44 دۆلارە، بەراورد بە مانگی شوبات رێژەكە بە 31.76% بەرز بووەتەوە.

هەروەها ئاماژە ئابوورییەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەم هەفتەیە، نرخی دۆلار دابەزێـت و بەهای دیناری عێراقی روو لە بەرزبوونەوە بكات. هاوكات دوێنێ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 500 دینار بوو، بەشێوەیەكی گشتی تا ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرانبەر بە 150 هەزار دینارە و چاوەڕوان دەكرێ لە كاتی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، نرخەكەی دوو بۆ سێ هەزار دینار دابەزێت.

لەو چوارچێوەیەدا جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی رۆژی پێنجشەم رای گەیاندبوو، بانكی ناوەندی سانسۆری لەسەر نەماوە و هەر بڕە دۆلارێك داوكاری لەسەر بێ، ئەوا بانك دەیخاتە بازاڕەوە، بەڵام بزانرێت ئەو پارەیە بۆ كوێ دەچێ و لە چی خەرج دەكرێ.

بانكی ناوەندی عێراق، بڕیارێكی تری داوە و داواكاری ناردووە بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و نووسینگەكان، دووپاتی لە فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان كردووەتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لێكۆڵینەوە بكرێت لە ناسنامەی ئەو كەسەی دۆلار دەكڕێ و ئەو بەڵگانەی پێویستە پێشكەشیان بكات، تا لەلایەن كەسی ترەوە دۆلارەكە بەكار نەهێنرێ.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە هەر كۆمپانیایەكی ئاڵوگۆڕی دراو پابەندی ئەو ڕێكارە نەبێت، پێدانی دۆلار پێی ڕادەگیرێت و ڕەوانەی لیژنەی سزا دەكرێت بۆ پێبژاردن، ئەمانەش هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی دۆلارن.


وشە - زریان تەها