لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە دیاری دەكرا

:: AM:11:51:02/04/2023 ‌
 
نرخی یەك ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەكان لە سلێمانی دیاری كرا كە لە نێوان حەوت هەزار و 750 بۆ هەشت هەزار و 750 دینار دەبێ، لە بەرانبەردا لە هەولێر 200 سەعات كارەبا لە مانگی ئادار دراوە بەهاووڵاتییان، بەڵام نرخی ئەمپێر دیاری نەكراوە.، هەروەها لە دهۆكیش یەك ئەمێر بە نۆ هەزار دینارە.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كارەبای سلێمانی، لە راگەیەنراوێكدا نرخی مولیدە ئەهلییەكانی راگەیاند و دەڵێت، نرخی یەك ئەمپێر لە یەك تا 31 ئادار، بە حەوت هەزار و 750 دینار بۆ هەشت هەزار و 750 دینار دەبێ."

هاوكات نرخی كیلۆوات هاوەری موەلیدەی ستییەكانیش بە 368 دینار بووە.

لە بەرانبەردا قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدەكانی هەولێر، بۆ"وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە مانگی ئاداردا 200 سەعات كەمتر یان زیاتر كارەبا دراوە بە هاووڵاتییان.

هەر لەبارەی نرخی ئەمپێرێك موەلیدە، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدەكان ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەیان نەكردووە و ئێستە سەرقاڵی وەرگرتنی نرخی گازن بۆ مانگی رابردوو، بۆ ئەوەی بتوانن نرخی ئەمپێر دیاری  بكەن.

لەمانگی شوباتدا، نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدە لە هەولێر  لەنێوان 15 بۆ 17 هەزار دینار بوو.

لە راگەیەنراوەكەی كارەبای سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە گۆڕانكاری لە بەرنامەی موەلیدە كراوە.

لە مانگی شوباتدا موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی 158 بۆ 180 سەعات كارەبایان داوە و نرخی هەر سەعاتێكیش بە 49 دینار دیاری كرا، بۆیە لە مانگی ئاداردا نرخەكەی حەوت هەزار و 750 بۆ هەشت هەزار و 750 دینار دەبێت لەناو شاری سلێمانی.

هاوكات نرخی كیلۆوات هاوەری موەلیدەی ستییەكانیش بە 368 دینار بووە.

هاوكات خشتەی كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا تا كۆتایی مانگی رەمەزان، لە سەعات (01:00)ـی پاش نیوەڕۆ بۆ سەعات (05:00) بەرەبەیان، دواتر لە سەعات (07:00) بۆ سەعات (8:30) بەیانی موەلیدەكان كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەكەن، تەنیا لە رۆژانی هەینی و پشووە فەرمییەكان نەبێت كە لە سەعات (12)ـی پێش نیوەڕۆوە كارەبا دەدەن بە هاووڵاتییان.

هاوكات پەیامێری "وشە" نەوزاد هلوری، پێی راگەیاندین، لە دهۆكیش نرخی ئەمێرێك كارەبای موەلیدە، بە نۆ هەزار دینر بۆ مانگی ئادار دیاری كراوە.

 


وشە - زریان تەها