سێ وەزیری حكوومەتی سوودانی دەگۆڕێن

:: PM:07:09:02/05/2023 ‌

پێشتر هاتە راگەیاندن كە گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی دەكرێت، جگە لە گۆڕینی ژمارەیەك پارێزگار و پۆستی تری باڵا، گۆڕانكارییەكانیش لەلایەن سوودانی و سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دوای تاوتوێكردنیان ئەنجام دەدرێت، سەركردەیەكی چوارچێوە ئاشكرای دەكات كە بەمنزیكانە گۆڕانكارییەكان و ناوەكان دێتە راگەیاندن.

توركی عەتەبی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، وەك یەكەم وەجبە سێ وەزیر دەگۆڕدرێن و بەمنزیكانە ناوەكانیان ئاشكرا دەكرێت، دووپاتی كردەوە، ئەنجامی هەڵسەنگاندن بۆ كابینەی سوودانی تەواو بووە و بەپێی زانیارییەكان ئێستە خەریكی پێداچوونەوەیە.

روونی كردەوە، وەك یەكەم وەجبە گۆڕانكارییەكە سێ وەزیر دەگرێتەوە، دوای ئەوە وەزیری تریش دەگۆڕدرێن، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوودانی، دیدی گۆڕانكارییەكان بخرێتە روو.

عەتەبی ئاماژەی كرد، تا ئەو ساتە هیچ لایەنێكی سیاسی بەرهەڵستی گۆڕانكارییەكانی نەكردووە، چونكە سوودانی دەیەوێ بەرنامە حكوومەتییەكەی جێبەجێ بكات، گۆڕانكارییەكانیش لەسەر بنەمایەكی دیودەر و روون و هەڵسەنگاندن دەبێت. 

شایەنی باسە لە 27ی نیسانی رابردوو تەمەنی حكوومەتەكەی سوودانی گەیشتە شەش مانگ، بەپێی چاودێران لە كۆی 30 لەو دۆسیە گرنگانەی ئەو بەڵێن و رێككەوتن و لێكگەیشتنی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان كردووە و لە بەرنامەی حكوومەتەكەی بەڵێنی جێبەجێكردنی داوە، تەنیا كاری لە دوو دۆسییەدا كردووە، ئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە، كە هەر چاودێران باسی ئەوە دەكەن سوودانی چەندان كۆتی لەسەرە و ئەوانە رێگرن لە چوونە پێشەوە، لەپێشەوەیان گوشارەكانی ئەمەریكا و میلیشیاكان، تا دەگاتە سەدرییەكان و كورد و سوننە، لەپاڵ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و شەقام و هیتریش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل