کەمی ئەمپێری پاتری چ کاریگەرییەکی لەسەر ئۆتۆمبێل دەبێت

:: PM:05:02:20/05/2023 ‌

کێشەی پاتری ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی باوە و زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانیش بەهۆی بێهێزی و کەمی ئەمپێری پاتری ئۆتۆمبێلەکەیانەوە تووشی پەککەوتن دەبن و وایان لێهاتووە 20 رۆژ جارێک یان کەمتر پاترییەک بگۆڕن، ئەمە هۆکاری چییە؟..

ئەمڕۆ شەموو 20ی ئایار، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پەیجی فەیسبووکی خۆی بابەتێکی وروژاندبوو و نووسیبووی، ''لەڕێی کۆنترۆڵی جۆری عێراقەوە بەدواداچوونم کردووە بۆ پاتری سەیارە کە هاوردەی عێراق و هەرێم دەکرێ''.

پاش بەدواداچوون و ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو پاتریانەی کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ھاوردە دەکرێت، نۆ جۆری جیاوازی پاتری لە بازاڕەکاندا بوونی ھەیە لە پێشکەوتوترین تاقیگە پشکنینمان بۆ ئەنجامدان، ھەموو پاتریەکان دوو تا سێ کیلۆگرام کێشیان کەمترە لەکێشی ستاندارد، لەزگەی سەر پاتریەکان لە ھەموویان نووسراوە 60 ئەمپێرە پاش پشکنین دەرکەوت تەنیا یەکێکیان بەرزترن ئەمپێریەکەی دەگاتە 36 ئەمپێر و کەمترینیان دەگاتە 9 ئەمپێر.

بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم قسانە ''وشە'' پێوەندی بە کاروان رەزا شارەزای بواری میکانیکی ئۆتۆمبێلەوە کرد و گوتی، بەشێوەیەکی گشتی ئێمە پشتگیری لە قسەکانی دەکەین، بەڵێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کوالێتی پاتری ئۆتۆمبێل زۆر خراپە و ئەو سیستمی ئەمپێرەی هەیەتی کەمترە بۆیە زۆرجار شۆفێر دووچاری ئەوە دەبێتەوە کە زوو زوو پاتری ئۆتۆمبێلەکەی بسووتێت و بیگۆڕێت.

سەبارەی بەوەی چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ئۆتۆمبێل، ئەم شارەزایە گوتی، زۆربەی بەشەکانی ئۆتۆمبێل پێویستیان بە تەزووی کارەبا هەیە و ئەوانیش پاترییەکە کۆنترۆڵیان دەکات، نەبوونی وزەی پێویست کاری ئەم بەشە لاواز دەکات و پاترییەکە بەهۆی تەزووی کەمەوە هێزی ئەوەی نامێنێت بەشەکان تێر بکات، بەمەیش پاترییەکە دەسووتێت.

''لەلایەکی تریشەوە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین و لەکاتی داگیرساندی ساردکەرەوەکە پاترییەکی قوورسایی کارەبایی زیاتر دەکەوێتە سەر، بەمەیش وزەی نامێنێت و لە ئەنجامدا دەبێت پاترییەکی تر بکڕیت، بەهۆی بەکەڵک نەمانی پاترییە کۆنەکە'' کاروان رەزا وای گوت.

بەشێوەیەکی گشتی پاتری بازارەکانی هەرێمی کوردستان کەمی ستانداردن، بۆیە پێویستە لە کەسانێک پاتری بکڕیت کە جێی متمانە بن بۆ ئەوەی تووشی گۆڕینی پاتری نەبیتەوە، راستە کەمن ئەوانەی کوالێتیان باشە، بەڵام پاتری کوالێتی باشیش هەن.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان