چوار سەربازی عێراق لە نزیك كەمپی مەخموور بریندار بوون

:: PM:05:57:20/05/2023 ‌

وەك لە میدیاكان بڵاو كرایەوە بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی سەربازیی عێراق دەورەی كەمپی مەخمووری گرت و ویستیان تەلبەندی بكەن و ئیدارەی حكوومەتی عێراق بگەڕێتەوە ناو كەمپەكە، كە ئاوارەكانی كوردی توركیای تیادایە، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد كە بەهۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دانیشتووانی كەمپەكە، چوار سەربازی عێراق بریندار بوون.

كەمپی ئاوارەكانی كوردی باكوری كوردستان لە 1994 لە شارۆكەی مەخموور دامەزراوە، زیاتر لە 12 هەزار كەسی تیادایە و بە بەردەوام لە لایەن توركیا بۆردمان دەكرێت، ئەمڕۆ سوپای عێراق دەورەی گرت و ویستیان چواردەوری كەمپەكە تەلبەند بكەن، دانیشتووانی كەمپەكەش ناڕازین و گردبوونەوە، بۆ ئەو مەبەستە كەوتنە گفتوگۆ، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتن، چونكە هێزەكانی عێراق دەیانەوێ پاراستنی ئاسایشی ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكە لەئەستۆ بگرن.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی لە ئەنجامی پێداگریی سوپای عێراق و رازی نەبوونی دانیشتووانی كەمپەكە بەوەی سوپا دەیەوێت، رووبەڕووبوونەوە رووی داوە و بەو هۆیەوە چوار سەربازی عێراق لە دەوروبەری كەمپەكە بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوە دانیشتووانی كەمپەكە بە بەرد هێرشیان كردە سەر سەربازەكان و ئەوان بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان، عێراق كۆنترۆڵی ئەو كەمپە ناكات، تەنانەت هیچ لایەنێكی سەر بە حكوومەتی عێراق ناتوانێت بچێتە ناوییەوە، ناوە ناوەش دووچاری هێرشی توركیا دەبێتەوە، رەشاد گەڵاڵی، بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی رووداوەكەوە گوتی، شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی كەمپی مەخمووری كرد و لەگەڵ نوێنەرانی كۆبووەوە، وەزارەتەكە دەیەوێ نوێنەری خۆی بگەڕێنێتەوە ناو كەمپەكە، هیچ جۆرە گەمارۆدانێكیش بۆ ئەو كەمپە نییە.

شایەنی باسە دانیشتووانی كەمپی مەخموور لە كوردانی باكوری كوردستانن و پەكەكە بەسەر ئیدارەی كەمپەكەدا زاڵە، بۆیە بە بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراوەتە ئامانج، بوونی پەكەكە لە قەندیل و شنگال و كەمپی مەخموور، بە بەردەوام پاساوێك بووە بۆ لەشكركێشی و هێرشی ئاسمانی درۆنەكانی توركیا.

 لە بەرانبەردا حكوومەتی عێراق نەیویستوە یان نەیتوانیوە وەك پێویست چارەسەرێك بۆ بوونی پەكەكە لەسەر خاكی عێراق دابنێت، كە رەنگە بوونیان بخرێتە ناو گفتوگۆكانی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم و كەركووك لە رێگەی توركیاوە، هەروەها گفتوگۆكان پێوەست بە تەنگژەی ئاو لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل