هۆكاری زیادبوونی سەكتەی مێشك لە گەنجان چییە؟

:: PM:08:18:20/05/2023 ‌

بەدەر لە رووداو و حاڵەتە زگماكییەكان، كێشەكانی مێشك و دڵ بە كەسانی بەتەمەنداچوو و لە سەرووی 50 ساڵی بەدیار دەكەوێت، كەچی لە ساڵانی دواییدا خەریكە ئەو یاسایە دەشكێت و كەسانی خوار ئەو تەمەنە و گەنجانیش دووچاری ئەو كێشانە دەبنەوە، لەوانە سەكتەی مێشك، بەڵام هۆكارەكەی چییە؟

وەك تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، كۆمەڵەی سەكتەی مێشكی ئەمەریكی تێبینی زیادبوونی حاڵەتەكانی سەكتەی مێشكی لە تەمەنی بچووك كردووە، بۆیە پزیشكانی ئەمەریكا بەدوای هۆكاری ئەو حاڵەتانەدا دەگەڕێن، واتە ئەو كەسانەی گەنجن یان تەمەنیان لە خوار 50 ساڵیدایە.

تۆڕەكە باسی حاڵەتی گەنجێكی تەمەن 29 ساڵی دەكات، كە كتوپڕ تووشی سەرئێشەیەكی توند بووەتەوە، دواتر دەركەوت كە هۆكارەكەی سەكتەی مێشكە و بووەتە هۆی خوێنبەربوون لە مێشكی، كە پزیشكان ئەو تەمەنەیان بە زۆر زوو دانا بۆ تووشبوون بە سەكتەی مێشك.

روونی كردەوە، كۆمەڵەكە ئاماژە دەكات كە روودانی ئەو حاڵەتە مەترسیدارە لە تەمەنی خوار 50 ساڵی لە ئەمەریكا، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو زیادی كردووە، تراشی مۆردن، بەرپرس لە كۆمەڵەكە دەڵێت، 15%ی حاڵەتەكانی سەكتەی مێشك لەوانە روو دەدات كە تەمەنیان 50 ساڵ و خوارەوەین، بۆیە تا ئێستە لە هۆكاری ئەو حاڵەتانە دەكۆڵنەوە كە بۆچی سەكتەی مێشك لە نێوان گەنجاندا سەری هەڵداوە.

د. محەمەد غانم، پزیشك لە ویلایەتی تەكساسی ئەمەریكا پێی وایە هۆكاری زیادبوونی حاڵەتەكە لە نێوان ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 50 ساڵییە، ئەو شێوازەی ژیانی ناتەندروستە، بەهۆی زۆری خواردنی فاست فوود و خۆراكی ناتەندروست، جیا لەوە خەڵكە حەز بە وەرزش و جووڵانەوە ناكات و بەهۆی شێوازی كار و ژیانی جەنجاڵیان بواریان بۆ وەرزش نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل