لە هەولێر 100 دۆلار بوو بە 132 هەزار دینار

:: AM:09:07:23/05/2023 ‌
بەپێی نووسراوێكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەندامانی یەكێتی هاوردە و ناردنكاران لە ڕێی بانكی (ئەربیل)ەوە، لە كاتی گەشتكردندا سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی 100 دۆلار بەرانبەر بە 132 هەزار دینار.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی ئایار، بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە بانكی ئەربیل بۆ وەبەرهێنان و پێدان، ئاراستەی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستانی كردووە و تێیدا هاتووە، ئەندامانی یەكێتییەكە دەتوانن لە ڕێی بەڵگەنامەی پێویست لە كاتی گەشتكردندا، سوودمەندبن لە وەرگرتنی 100 دۆلار بەرانبەر بە 132 هەزار دینار.

بەڵگەنامە پێویستەكانی وەك پاسپۆرت، ڤیزە و تكتی گەشتكردنی هەبێت
بەگوێرەی زانیارییەكانی ناو نووسراوەكە، داواكار پێویستە بەڵگەنامە پێویستەكانی وەك پاسپۆرت، ڤیزە و تكتی گەشتكردنی هەبێت، ئەم ئۆڤەرە لە مانگێكدا یەك جار داواكار سوودمەند دەبێت و عەمرەكارانیش دەگرێتەوە.

یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان داوا لە ئەندامانی دەكات، هەر ئەندامێك خوازیارە سوودمەند بێت بە پشتگیریی یەكێتییەكە، دەتوانێت لە بانكی ناوبراو سوودمەند بێت.

ئێستە 100 دۆلار لە بازاڕەكان بە 146 هەزار دینارە، هەرچەندە بانكی ناوەندی عێراق هەموو هەوڵی دەست پێ‌ كردووە تا نرخەكەی دابەزێت، بەڵام تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە.





وشە - رامیار جەواد