كارەبا گران نەبووە

:: PM:01:28:25/05/2023 ‌
 دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار، دوورە لە راستییەوە، كرێی كارەبا بۆ هاووڵاتییان لە هەموو شوێنێك بە بازاڕ و ستییە ئاساییەكانیشەوە، هەمان نرخی جارانە و وەك خۆیەتی. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار دوورە لە راستییەوە، كرێی كارەبا بۆ هاووڵاتییان لە هەموو شوێنێك بە بازاڕ و ستییە ئاساییەكانیشەوە، هەمان نرخی جارانە و وەك خۆیەتی.

بڕیاری داوە هەر كیلۆواتێكی كارەبا بە 156 دینار ئەژمێر بكرێت
باس لەوەش كراوە، وەزارەتی كارەبا تەنیا بۆ ستییە گرانبەهەكان كە بە سیستمی پریپەید، كارەبایەكی 24 سەعاتیان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر كیلۆواتێكی كارەبا بە 156 دینار ئەژمێر بكرێت.
 
 روون كراوەتەوە، سیستمی پریپەید تەنیا بۆ زیاتركردنی كاتەكانی پێدانی كارەبا و چارەسەركردنی گرفتی قەرزی كارەبایە، بەهۆیەوە پێدانی كرێی كارەبا دەبێتە پێشوەختە.

ئێستە ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم گەیشتووەتە نزیكەی  حەوت هەزار و 400 مێگاوات، بەڵام بەهۆی كێشەی سووتەمەنی و نەختینەوە، ئێستە كەمتر لە چوار هەزار و 200 مێگاوات بەرهەم دێت. سیستمی پریپەید بەشێكی زۆری ئەم كێشەیە چارەسەر دەكات و بەرەو دابینكردنی كارەبایەكی باشتر بۆ هاووڵاتییان هەنگاو دەنێن.  

پرۆسەی سیستمی پریپەید ماوەی ساڵێكە دەستی پێ كردووە، تا ئێستە لە ستییەكانی گوندی ئیتاڵیی یەك و فیوچەر ستی و پارك ڤیو و جیهان ستی و گوندی لبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و كواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی دهۆك و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی، بە سەركەوتوویی جێبەجێ كراوە.



وشە - رامیار جەواد