كوردستان دەرگای لەسەر ئاژەڵەكانی عێراق داخست

:: PM:04:16:25/05/2023 ‌
بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شارەكانی عێراق بەردەوامە، تا ئێستە بەهۆیەوە 19 كەس گیانیان لە دەست داوە، لە هەرێمی كوردستانیش حكوومەت دەستی كردووە بە ئەنجامدانی چەندان رێكار و بودجەشی دابین كردووە.

دوێنێ‌ بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی دوو ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون دابین كرا، ئێستە بڕیارەكان و ڕێنوێنییەكان كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئایار، قاسم محەمەد ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی ئاژەڵفرۆشان، بە "وشە"ـی راگەیاند، تیمەكانی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام سەردانی مەیدانەكانی ئاژەڵ دەكەن و ئەمڕۆ پرژانیش لە چەند مەیدانێك دەستی پێ‌ كرد.

ئەو بڕیارەش وەك ئەنجوومەن ئێمە وەك خۆی جێبەجێی دەكەین، چونكە بۆ سەلامەتیی گشتییە
زیاتر گوتی، لە ئەمڕۆوە بڕیار دەرچووە بە رێگری لە هاتنی ئاژەڵ لە چەند پارێزگایەكی عێراق كە زیاتر تای خوێنبەربوونیان تێدا بڵاو بووەتەوە، ئەو بڕیارەش وەك ئەنجوومەن ئێمە وەك خۆی جێبەجێی دەكەین، چونكە بۆ سەلامەتیی گشتییە.

باسی لەوەش كرد، هەڵمەتی شووشتنی ئاژەڵ بە مادەی پاككەرەوەی تایبەت بە گەنە دەستی پێ‌ كردووە، هەروەها شارەوانی هەڵمەتێكی فراوانی پاككردنەوەی دەست پێ‌ كردووە، ئەمەیش هەموو بۆ رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گەنە.

ساڵی رابردوو تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان بڵاو بووەوە، بەهۆیەوە هەڵمەتێكی فراوان ئەنجام درا و بۆ ڕۆژانی جەژنیش سەربڕینی ئاژەڵ لە كۆڵانەكان قەدەغە كرا.



وشە - رامیار جەواد