موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری سه‌درییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار ئاشكرای كرد، كه ده‌ستی ده‌ره‌كی له پشت سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی "ئه‌هلی قه‌زیه" بوونی هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و ده‌سته ده‌ره‌كییه بخاته ڕوو، به‌ڵام به‌رپرسانی ره‌وتی سه‌در له ماوه‌ی ڕابردوو دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه كۆماری ئیسلامی ئێران له پشت دروستكردنی ئه‌و گرووپه‌وه‌یه، به ئامانجی دروستكردنی گومان و پرسیار له‌سه‌ر بڕوا و ڕێبازی ڕه‌وتی سه‌در و وه‌شاندنی گورز له ڕه‌وته‌كه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو سه‌درییه‌كان توانییان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌سه‌ر حزبه‌كانی تری شیعه‌ی شوێنكه‌وته‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار بكه‌ن.
گرووپی
"ئه‌هلی قه‌زیه" گرووپێكی ئاینی پێڕه‌وكارانی مه‌زه‌وی شیعه‌ن و له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو ڤیدیۆ و زانیاریان له‌باره‌ی خۆیان بڵاو كرده‌وه، له یه‌كێك له ڤیدیۆكانیان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته هه‌موو پێڕه‌وكارانی مه‌زه‌وی شیعه بهیعهن به ئیمامی چاوه‌ڕوانكراو سه‌ید موقته‌دا سه‌در بده‌ن، به‌و ئاماژه‌یه‌ی كه موقته‌دا سه‌در ئیمام مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراوه. ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی میدیایی زۆری له عێراق لێ كه‌وته‌وه و هێزه فه‌رمییه‌كانی عێراقیش به توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه بوونه‌ته‌وه و به لاده‌ر و تێكده‌ر ناویان ده‌به‌ن.
له به‌رانبه‌ردا موقته‌دا سه‌در به توندی پێوه‌ندی خۆی و ڕه‌وته‌كه‌ی ئه‌و گرووپه ڕه‌ت كرده‌وه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه ئه‌وانه كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و خراپه‌كارن، به پشتیوانی ده‌ره‌كی ده‌یانه‌وێ ناوی خۆی و ڕه‌وته‌كه‌ی ناشرین بكه‌ن و بیانوو بده‌نه ده‌ست هێزه‌كانی حكوومه‌ت، تا قهڵاچۆنی ئه‌ندامانی ڕه‌وتی سه‌در له ته‌واوی عێراق بكه‌ن، واته ئه‌مه پیلانگێڕییه له ڕه‌وتی سه‌در ده‌كرێ به پشتیوانی وڵاتێكی ده‌ره‌كی.
سه‌در له په‌یامێكی كه ئاراسته‌ی شوێنكه‌وتووانی كردووه ده‌ڵێ، پێویسته ئه‌و ته‌نیا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی چاكسازیخواز سه‌یر بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه خۆی له لایه‌نگرانی بێبه‌ری ده‌كات تا ڕۆژی قیامه‌ت، ئه‌و قسانه‌یشی دوای ئه‌وه هات، كه موقته‌دا سه‌در سه‌ردانی مه‌زاری باوكی "محه‌مه‌د سادق سه‌در و براكه‌ی" له پارێزگه‌ی نه‌جه‌ف كرد و به‌شداری له 25همین ساڵڕۆژی تیرۆركردنیان له‌لایه‌ن ڕژێمی ڕووخاوی عێراق كرد.
له درێژه‌ی قسه‌كانی موقته‌دا سه‌در گوتی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه من به ئیمام مه‌هدی ناو ده‌به‌ن دوژمنی خودا و ئالسهدر و دوژمنی منن به تایبه‌تی، ئه‌وه كه من مه‌به‌ستمه بریتییه له سه‌ركردایه‌تیكردنی چاكسازی له وڵات و خاكه‌كه‌مان، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچمه ڕیزی گه‌نده‌ڵكارانه‌وه و له‌گه‌ڵیشیان نابم، چا گه‌نده‌ڵكاران و خراپه‌كاران له ناوه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌در خۆیان حه‌شاردا بێ و به ناوی ڕه‌وتی سه‌در پیلانگێڕی بكه‌ن، یان له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وته‌كه بن، ئه‌وه‌یشی من به ئیمام مه‌هدی ناو ده‌بات گه‌نده‌ڵترین و خراپهكارترینه له وڵاته‌كه‌مان، به زۆر ڕهزامهندبووم كه سه‌ركردایه‌تی چاكسازی بكه‌م، بۆیه نه ئیمام و نه هیچ شتێكی تر و ئه‌و گرووپه بهدكارهیش نه پێوه‌ندییان به من و نه به ڕه‌وتی سه‌دره‌وه هه‌یه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، ئێمه ململانێی سیاسی و جه‌نگی سیاسیمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران، به‌ڵام ئێسته ئه‌و گه‌نده‌ڵكار و پیسخۆرانه ده‌یانه‌وێ ململانێی ئاسایی سیاسی بۆ ململانێ باوه‌ڕ و ئاینی بگۆڕن، ئه‌وانه گه‌نده‌ڵكار و جیابووه‌وه‌ن و ده‌ستی ده‌ره‌كی پشتیوانیان ده‌كات، تا ئه‌و فیتنه‌گێڕییه بكه‌ن.
بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه ئاژاوهگێڕهیش، سه‌در ده‌رگه‌ی مه‌زارگه‌ی باوكی و براكه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو به ڕووی سه‌ردانكه‌ران داخست و كار و چالاكی ڕه‌وته سیاسییهكهیشی بۆ ماوه‌ی ساڵێك وه‌ستاند، داوایشی له لایه‌نگرانی كرد كه به ته‌واوی و بێ كه‌موكورتی پابه‌ندی ئه‌و فه‌رمانانه‌ی بن. شاره‌زایانیش له‌وباره‌وه دووپات ده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌در و ره‌وته‌كه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق كشانه‌وه و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی له په‌رله‌مان ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه و گۆڕه‌پانی سیاسی بۆ لایه‌نگرانی ئێران چۆڵ كرد، به‌ڵام ئێران و حزبه شیعه شوێنكه‌وتووه‌كانی ترسی زۆریان له سه‌در و ڕه‌وته‌كه‌ی هه‌یه، به تایبه‌ت كه ئێسته كار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كان له عێراق ده‌كرێ، نیگه‌رانن له‌وه‌ی به‌شداری ئه‌مجاره‌ی ڕه‌وته‌كه‌ی سه‌در له هه‌ڵبژاردنن ببێته هۆی شكستێكی دوو هێنده گه‌وره‌تر به به‌راورد به‌و شكسته‌ی حزبه شیعه‌كانی شوێنكه‌وته‌ی عێراق له هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تووشی هاتن.
هه‌مووانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوێكی له‌مجۆره و پیلانێكی وا مه‌ترسیدار جیا له پشتیوانی ڕاسته‌وخۆی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، هیچ ڕه‌وت و گرووپێكی سیاسی تری شیعه ناوێرێ هه‌نگاوی بۆ بنێت. به‌ڵام به‌و پیلانه ئێران ده‌یه‌وێ به سوپا و پۆلیسی فه‌رمی عێراق قه‌ڵاچۆی سه‌ركرده‌كانی ڕه‌وتی سه‌در و كادرانی بكات و گۆڕه‌پانه‌كه جارێكی تر بۆ لایه‌نه‌كانی شوێنكه‌وته‌ی خۆی كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه.