كەشوهەوای زستان دێتەوە

:: PM:08:20:28/05/2023 ‌

ئەمساڵ كەشوهەوای دنیا و عێراق و هەرێمی كوردستان جیاوازە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بەتەواوەتی بەسەر ناوچەكەدا زاڵە، ساڵانی پێشوو لەو كاتانە دۆخەكە گەرم و وشك و روو لە هاوینێكی پێشوەختە بوو، بۆ ئەمساڵ كەشوهەوای باراناوی و زستانی سەر لە كوردستان نابڕێت.

سادق عەتیە، كەشناسی عێراقی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە سێ رۆژی داهاتوودا شەپۆلێكی بارانبارین روو لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەكات و پلەكانی گەرما تا كۆتایی هەفتە جێگیر دەبێت.

روونی كردەوە، نزمەپەستانێكی سارد لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە روو لە عێراق دەكات، تێكەڵی نزمە پەستانێكی تری كەمەرەیی هاتوو لە سوودان و دەریای سوور دەبێت، ئەوانە كەشوهەوایەكی زستانی دروست دەكەن، ئەو كەشوهەوا ناسەقامگیرە تا رۆژی چوارشەم بەردەوام دەبێت، كە باران و هەورەبرووسكە چەند ناوچەیەك دەگرێتەوە، بەڵام چوارشەم و پێنجشەم پلەكانی گەرما جێگیر دەبنەوە.

بەپێی كەشناس و دەزگەكانی كەشناسی لە هەرێمی كوردستان، لەمشەوەوە تا چەند رۆژی داهاتوو هەورێكی چڕی باراناوی روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە ئەنجامی تێكەڵبوونی دوو نزمە پەستان، یەكێكیان لە دەریای سوورەوە هاتووە و ئەوەی تر لە دەریای ناوەڕاست، كە كەشوهەوایەكی زستانی دروست دەكەن.

بۆیە بەهۆی كاریگەری ئەو نزمە پەستانانە ئەمشەو ئاسمانی زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەبێتە هەور و ئەگەری بارانیش هەیە، ئەو كەشوهەوایە لە رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەك بارانی بەهیز و تەرزە و هەورە بروسكەی لەگەڵدا دەبێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل