كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەڕێوە دەچێت

:: AM:09:10:29/05/2023 ‌
شەوی رابردوو  چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كۆ ببێتەوە، بابەتی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، ئەگەری زۆری هەیە سەرجەم ئەو بڕگانەی كە چەند پەرلەمانتارێك بۆ پشكی هەرێمی كوردستانیان زیاد كرد، هەڵبوەشێنەوە.

لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی عێراق و دوو پەرلەمانتاری كورد، بەمەبەستی لێدان لە پێگەی هەرێمی كوردستان و ئازاردانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چەند بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بودجە زیاد كرا، بەڵام كورد هەرزوو بەو فێڵەی زانی و رەتی كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئایار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەمڕۆ كۆ دەبێتەوە، كۆبوونەوەكەی تایبەت دەبێت لەسەر مادەكانی پشكی هەرێم لە بودجە.

كۆبوونەوەكەی تایبەت دەبێت لەسەر مادەكانی پشكی هەرێم لە بودجە.
گفتوگۆكان زیاتر تایبەت دەبێت بە مادەكانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كە پێشتر ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێك هەستاون بەدەستكاریكردنی.

دەستكاریكردنی چەندان بڕگە و مادەی پڕۆژەیاساكە لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان، ناكۆكیی قووڵی دروست كردووە، ئێستە هەوڵ هەیە سەرجەم تێبینی و ئەو مادانەی هەیە لە دەنگدانی گشتی لاببرێن، وەك چۆن سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەری رێككەوتوون، بخرێتە دەنگدان.

بەپێی پێشنیارەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن میلیشیاكان و یەكێتییەوە كراون، ئەگەر بڕگەكانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان دەنگ بێنێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی دارایی نابێت و هەموو پارەی نەوت و داهاتەكانی هەرێم دەكەونە دەست چەند فەرمانبەرێكی عەرەب لە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش وەك سووكایەتیی بەرانبەر دۆز و پێگەی كورد لێك دەدرێتەوە.  

ئەو دوو مادەی پڕۆژەیاسای بودجە كە بۆ سێ ساڵە، بە گوتەی جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە لیژنەی دارایی، گفتوگۆی لەسەر نەكراوە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە وەك بەدیلی رێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و عێراق خستوویانەتە ڕوو و یەكسەر دەنگیشیان پێ داوە، یەكێتیش چووەتە پاڵیان، بۆیە نوێنەرانی پارتی و یەكگرتوو دانیشتنەكەیان جێهێشت و لە شەقامی كوردستانیش كاردانەوەی جەماوەریی لێ كەوتووەتەوە و وەك شكاندنی كوردستان لێك دەدرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد