نرخی زێڕ هاڕەی كرد

:: AM:09:25:29/05/2023 ‌
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابەزی، ئەوەیش دوای دابەزینی لە بۆرسەی دنیا، زێڕینگرێكیش دەڵێت، پێشبینی دەكرێت نرخەكە هێشتا دابەزێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئایار، دلۆڤان مەجیدی زێڕنگر لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی زێڕ لە بۆرسەی دنیا بۆ هەر ئۆنسێك دوێنێ‌ لەگەڵ ئەمڕۆ 20 دۆلار دابەزیوە.

ئەوەیش پێوەندی بە نرخە گشتییەكەوە هەیە و تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە.
زیاتر گوتی، نرخی زێڕ لە دابەزینی زیاتر بەردەوامە و پێشبینی دەكرێت هێشتا دابەزێت، بۆیە ئێستە شڵۆقییەك لە بازاڕدا هەیە، ئەوەیش پێوەندی بە نرخە گشتییەكەوە هەیە و تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە.

لەبارەی نرخی زێڕ بۆ ئەمڕۆ گوتی، نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 415 هەزار دینار، نرخی زێڕی عەیار 18 بە 350 هەزار دینارە و زێڕی عەیار 24 بە 465 هەزار دینارە.

بەگوتەی ئەو زێڕنگرە، ئۆنسێك زێڕ بۆ هەزار و 945 دۆلار دابەزیوە و هێشتا گۆڕانكاریی نوێ‌ نییە.

زێڕ یەكێكە لەو پێویستیانەی كە بۆ جوانكاری و بۆنەكان و دیاری بەكار دەهێنرێت، لە هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ بۆنەی هاوسەرگیری خواستی زیاتری لەسەرە.



وشە - رامیار جەواد