بڕیاری نوێ‌ لەبارەی دۆلار دەرچوو

:: PM:02:30:29/05/2023 ‌
بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان، خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت، هەر بازرگانێك دۆلاری پێ‌ بگیرێت سزای پێنج ساڵ گرتن بەشی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئایار، حوسێن تەمیمی بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكانی تاوانی رێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاندووە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بەهاوكاریی بانكی ناوەندی، بڕیاریان داوە لە گشت پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، مامەڵەكردن لەلایەن خاوەن ناوەندە بازرگانییەكان، پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لە بری دۆلار بە دینار بێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە خاوەن ناوەندە بازرگانییەكان وەڵامیان بۆ بڕیارەكە ئەرێنی بووە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی هەڵمەتی چاودێری، تا ئێستە هەندێك لە بازرگانان بەردەوامن لە سەرپێچیكردنی بڕیارەكە.

باسی لەوەش كردووە، هەر بازرگانێك ببێتە سەرپێچیكاری ئەو بڕیارە، سزای پێنج ساڵ گرتنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا بانكی ناوەندی بە پاڵپشتی حكوومەتی عێراق، بڕیاری داوە بەهای دۆلار دابەزێنێت بۆ 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، بەڵام بەهۆی پەسند نەكردنی بودجە، تا ئێستە ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.



وشە - رامیار جەواد