لیژنەی دارایی پەرلەمان داوای دەنگدان لەسەر بودجە دەكات

:: PM:07:15:29/05/2023 ‌

كۆتای هەفتەی رابردوو ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایان گەیاند كە تاوتوێكردنی زۆرینەی بڕگە و مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەیان كۆتایی پێ هێناوە، بۆیە پێشبینیان كرد سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمان دەنگ بە بودجە بدات، كەچی بەهۆی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان تەنگژە دروست بووە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی داوای دیاریكردنی دانیشتنی دەنگدانی بە بودجە كرد.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، دوای گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی لەناو لیژنەی دارایی و هەوڵی رژد بۆ پێگەیاندنی بەو شێوەی بەرژەوەندیی باڵای وڵاتی تیادا پارێزراو بێت، داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین بۆ پەلەكردن لە دیاریكردنی دانیشتنێك بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.  

دووپاتی لە گرنگی پەلەكردن لە پەسندكردنی بودجەكە كردەوە و داواشی لە هێزە سیاسییەكان كرد بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان بە گیانێكی نیشتمانی.

لای خۆیەوە سالم عەنبەكی، ئەندامی فراكسیۆنی "فەتح" لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕوانی وەڵامی كورد لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێی نووسینگەی موحسین مەندەلاوی دەكات.

روونی كردەوە، ئێوارەی دوێنێ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر داوای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی 2023 و كێشەكانی دوایی كۆ بوونەوە، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە بووە رێگری لە تێپەڕكردنی بودجە بە زۆرینەی پەرلەمانی بووە، بەو شێوەی كە سازان و رێككەوتنی سیاسی چارەسەر بێت.

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی كرد كە سبەی سێشەم یان دوو سبەی چوارشەم بودجە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام ئەو وادەیەش لەدڵنیایی نییە و چاوەڕوانی وەڵامی كورد بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكەی دوێنێی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكرێت، كە رەنگە بەو ئاراستەیە بێت هەموو لایەنەكان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سازش بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل