لەبارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمەوە بڕیار درا

:: PM:10:59:29/05/2023 ‌

ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی ویزاری ئابووری لە عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد و چوار بڕیاری دەركرد، لەوانە وەرگرتنی تەواوی گەنمی چێنراو لە لایەن جووتیارانی هەرێمی كوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ 16مین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە بە سەرپەرشتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە بەڕێوە چوو و وەزیرانی پلاندانان و دارایی و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق و ئەمنیداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان و راوێژكارانی سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و یاسایی و سەرۆكی دەستەی كاغەزی دارایی بەوەكالەت ئامادەی بوون.

وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوە هاتووە، لەو كۆبوونەوەیە كە وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و راوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، ئەنجوومەنەكە چەند بڕگەیەكی تاوتوێ كرد.

ئەنجوومەنەكە تاوتوێی زیادكردنی بڕی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی كرد، كۆدەنگ بوو لەسەر پێویستی وەرگرتنی تەواوی ئەو بڕە گەنمەی لە عێراق بەرهەم هاتووە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی فیدراڵی و پێداچوونەوە بە پلانی وەرگرتنی گەنم بەپێی پێویستی، بۆ مسۆگەری وەرگرتنی هەموو گەنمی چێنراو بۆ وەرزی 2022-2023. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل