ئەمڕۆ دادگا بڕیار دەدات

:: AM:10:42:30/05/2023 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق كۆ ببێتەوە، بابەتی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئێستە وەڵامی كۆمسیۆنی عێراق گەیشتووە بە دادگا.

سكاڵایەك لەلایەن كۆنە پەرلەمانتارێك لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار كراوە، ئەوەیش پێوەندیی بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی ئایار، بڕیارە ئەمڕۆ نۆیەم دانیشتنی تایبەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئەگەری زۆری هەیە ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی تێدا بدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە دانیشتنی ڕابردوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، وەڵامی دادگای فیدراڵی دایەوە.

تا ئێستە هەشت دانیشتنی تایبەت بەو بابەتە بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستە بڕیار نەدراوە، بۆیە پێدەچێت لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەیە بدرێت، چونكە سەرجەم بەڵگەكان لەلایەن لایەنی سكاڵاكار و لایەنی سكاڵا لێكراوەوە پێشكەشی دادگا كراون.

ئەو سكاڵایەی ئەو پەرلەمانتارە بەناوی یوسف محەمەد، هێندە پێوەندیی بە ڕقلێبوونەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، هێندە پێوەندیی بەوە نییە كە بابەتەكە یاساییە یان یاسایی نییە.

پێشتر ئەو پەرلەمانتارە و چەند پەرلەمانتارێكی تر، سكاڵای تریان تۆمار كردووە، بەشێكیان سكاڵاكانیان دۆڕاندووە.



وشە - رامیار جەواد