لە ئەگەری پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە بێ کورد هۆشداری دەدرێ

:: PM:04:02:03/06/2023 ‌

 

ئەگەری زۆرە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ بەپڕۆژەیاسای بودجەی 2023-2025 بدرێ. ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش رای دەگەیەنێت، پەرلەمانی عێراق دەتوانێت بە بێ کورد پڕۆژکە تێپەڕێنێت.

كێشەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە دوای دەستکاریکردنی چەند مادەیەک درێژەی هەیە و دیار نییە چی بەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دێت.

 ئەمڕۆ شەموو سێی حوزەیران، جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری کورد، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و كێشەكانی، بە "وشە"ی راگەیاند ئەگەر کوردیش بە پڕۆژەیاسای بودجە رازی نەبێت ئەوا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت بە بێ کورد پڕۆژەکە تێپەرێنێت، بەڵام تا ئەم ساتە دیار نییە پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەندێک ساڵی پێشتر بە بێ کورد پڕۆژەکە تێدەپەڕێنن یان نا.

ئەو هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان بە پڕۆژەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمان، چەند بڕگەیەكیان بۆ مادەی 13 و 14 كە تایبەتە پشكی كوردستان زیاد كرد، ئەمەیش نیگەرانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لێ كەوتەوە.

ئێستە پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ بەرەو باشییە، بەڵام لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی عێراق هەوڵی تێكدانی ئەو پێوەندییە دەدرێت، بەتایبەت دوای زیادكردنی چەند بڕگەیەك لە بودجەدا دژی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا.

پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاندبوو، كە سازش لەسەر هیچ مافێكی كورد ناكەن، دووپاتیشی لە پابەندی هەرێم بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور كردبووەوە. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو رەشنووسەی پڕۆژەیاسای بودجە نییە کە لە لایەن حکوومەتی عێراق پێشکەشی پەرلەمان کرا بەڵام، هەندێک ئەندامی شۆڤێنیی لیژنەی دارایی بە مەبەست مادەکانیان دەستکاری کردووە و هەرئەوەش نیگەرانیی کوردی بەدواوە بووە.


 



وشە - وشه‌