ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و چین لە ئاسیا.. ئەمەریكا لە دڵەڕاوكێدایە

:: AM:09:11:04/06/2023 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەمڕۆ رای گەیاندووە، ئەو هەڵسوكەوتەی سوپای چین لە ناوچەكانی ئاسیا دەیكات، مەترسیی زیاتری دروست كردووە، بەتایبەتی دوای ئەو دوو رووداوەی لە ماوەی 10ی رۆژی رابردوو لە نێوان ئەمەریكا و چین روویان دا.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم چواری حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بات رایدەر گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كە لەگەڵ وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی لوید ئۆستن لە كۆنگرەی ئاسایشی سەنغافوورەدایە، گوتوویەتی لە چالاكییە مەترسییەكانی سوپای رزگاریخوازی میلیی چیندا هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەین.

ئەو لێدوانە دوای ئەوە هات كە دوو رووداو لە نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و چین لە دوورگەی تایوان  و دەریای چین لە ماوەی 10رۆژی رابردوو روویان دا. شەمووی رابردوو هێزی دەریایی ئەمەریكی، كەشتییەكی چینیی تۆمەتبار كرد كە مەترسیی بۆ سەر كەشتییەكی كەنەدی لە دوورگەی تایوان كردووە.

چین تا ئێستە باسی ئەوو روودداوەی نەكردووە، بەڵام ئەمەریكا و كەنەدا هۆشدارییان پێ داوە و پێیان وایە چین لە دوورگەی تایوان، پێشێلی سەروەریی تایوان دەكات و سوپاكەی مەترسیی لە ناوچەكە دروست كردووە.

لەلایەكی تریشەوە فڕۆكەیەكی جەنگیی چین لە 26ی مانگی رابردوودا، رێی لە فڕۆكەیەكی ئەمەریكی گرتووە كە لەسەر دەریای چینی باشوور فڕیوە. لە كاتێكدا چین گوتوویەتی فڕۆكە ئەمەریكییەكە بەئەنقەست هاتووەتە ئاسمانی ناوچەكە كە سوپای چین لەو ناوچەیە راهێنان دەكەن، فڕۆكە ئەمەریكییەكە مەبەستی چاودێری بووە.

لەگەڵ ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمەریكا، وەزیری بەرگریی چین لی شانگفۆ ئەمڕۆ لە كۆنگرەی سەنغافوورە، هۆشداریی بە هاوپەیمانییەكی سەبازیی هاوشێوەی "ناتۆ" لە ناوچەی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن دا و پێی وایە، ئەو كارە ناوچەكە بەرەو پشێویی زیاتر دەبات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د