ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كوردستان راگه‌یه‌نرا

:: PM:05:10:07/06/2023 ‌
به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سروور بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبووه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م حه‌وتی‌ حوزه‌یران، به‌ گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌نراوی‌ حكوومه‌ت، له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی خسته‌ سه‌ر دوا پێشهاته‌كانی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵانی ( 2025-2023 ) و بابه‌تی هه‌وڵه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ واژۆ كراوه‌.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پشتیوانی خۆی بۆ ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر بودجه‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ره‌نجامی گفتوگۆیه‌كی چڕ و له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی و زانستیانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ بووه‌، بۆیه‌ داكۆكی له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، داوا له‌ گشت فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی‌ و له‌ پێناوی یه‌كڕیزی، به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستووریی و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ ناو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بكه‌ن.

 
له‌ بڕگه‌ی دووه‌مدا، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار، ڕاپۆرتێكی پڕ له‌ زانیاری له‌ باره‌ی داڕشتنی كۆدی بیناسازی له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و ڕێنوێنی‌ نوێی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بۆ پلانسازی و تۆماركردنی ئه‌لكترۆنی موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، وه‌زیری شاره‌وانی ئاماژه‌ی دا به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕه‌وشی بیناسازیی له‌ هه‌رێم له‌ ڕێگای داڕشتنه‌وه‌ی كۆدی بیناسازیی و نوێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ڕێپێدانی بیناكردن به‌ ئاراسته‌ی كۆنتڕۆڵكردنی شێواوی له‌ ژینگه‌ی بیناسازی و ڕێگرتن له‌ سه‌رپێچی و زامنكردنی سه‌لامه‌تی له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ وسه‌لامه‌تی دامه‌زراوه‌ی كاره‌بایی ومیكانیكیی ناو بینا وباڵه‌خانه‌كان و سه‌لامه‌تی پێكهاته‌ و كارامه‌یی له‌ ووزه‌ و هه‌نگاونان بۆ به‌ ئه‌لكترۆنیكردنی پرۆسه‌ وڕێكاری ڕێپێدانیی بینا.

 ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌و هه‌نگاوانه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، گشت وه‌زاره‌ته‌كانیشی ڕاسپارد كه‌ هاوكاری‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بن بۆ جێبه‌جێكردنی كۆدی بینا و ڕێنوێنی‌ نوێی پلانسازیی و به‌ رژدی‌ كاربكه‌ن بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و به‌دوادچوونی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسا به‌ركاره‌كان كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی فراوانی داهاتی گشتین،  ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی دیوان و سكرتاریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هه‌ماهه‌نگی و پشتیوانی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ ئاراسته‌ی پیاده‌كردنی سیستمێكی ئه‌لكترۆنیی  بۆ تۆماركردنی وورده‌كاریی و زانیاریی موڵكی گشت دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان له‌ داتا سه‌نته‌ری ناوه‌ندیی حكومه‌ت و و داڕشتنی پرۆسه‌ و میكانیزمی گونجاو و پێویست بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت به‌ ئاراسته‌ی هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان وبه‌كارهێنانه‌وه‌ی داهاتی وه‌به‌رهێنان له‌ موڵك وماڵی ده‌وڵه‌ت بۆ خه‌رجیه‌ گشتیه‌كان وپڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.

 
له‌ بڕگه‌ی سێیه‌مدا، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌كانی سیمكارتی بێ خاوه‌ن، ئۆتۆمبێلی بێبه‌رایی و تۆمارنه‌كراو و چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌ به‌ره‌وپێشچوون وگرفت و به‌ربه‌سته‌كان دا، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌ماهه‌نگی هاووڵاتیان له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌ممووز، واده‌ی دیاریكراو بۆ تۆماركردنی چه‌كی تۆمارنه‌كراو كۆتایی دێت و له‌و كاته‌ به‌دواوه‌، به‌ گوێره‌ی یاسای نوێی چه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕێكاری پێویست ده‌گیردرێته‌به‌ر، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌تی ناوخۆی ڕاسپارد كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ ڕێكاره‌كانیان بۆ به‌رگرتن له‌و دیاردانه‌ و كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوان و توندوتیژیی وپاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان.

له‌ بڕگه‌ی كۆتاییدا، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و وه‌زیری ناوخۆ، باسیان له‌ بابه‌تی ده‌ستنیشانكردنی قه‌ده‌خه‌كراویی ڕێگه‌ گشتییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و به‌رگرتن و لابردنی زێده‌ڕۆییه‌كان له‌ به‌ر ڕۆشنایی یاسای ڕێگه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری ڕاسپاردنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و ناوخۆی دا  كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ ڕێكاره‌ هاوبه‌شه‌كانیان و پێویسته‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كانیش له‌ سنووری پارێزگا و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و قه‌زا و ناحییه‌كانیان، چالاكانه‌تر كاربكه‌ن بۆ لابردنی هه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌ك له‌سه‌ر ڕێگاوبانه‌ گشتیه‌كان و به‌رگرتن له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی زیاده‌ڕۆیی و ڕووبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی سه‌رپێچیكاران له‌ به‌رامبه‌ر یاسا و وه‌رگرتنی ڕێكاریی قه‌زایی به‌رامبه‌ریان.

به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا و ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی ئه‌و وڵاته‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئه‌ندامانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی توركیا ده‌كات و به‌ هیوای به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیایه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی باش و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش .



وشە - وشه‌