له سه‌لاحه‌دین سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی كوردستان كرد.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی باره‌گای بارزانی، له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی میوانه‌كان، پێزانینی بۆ ڕۆڵی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له مێژوو و گه‌شه‌ی كولتوور و هۆشیاریی گه‌لی كوردستان هه‌بوو و دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و ڕۆڵه‌ی هونه‌رمه‌ندێك بۆ ناساندنی گه‌له‌كه‌ی ده‌گێڕێت ده‌كرێ زۆر له ڕۆڵ و كاریگه‌ریی سیاسییه‌كان له ناساندنی دۆزی گه‌لی كوردستان زیاتر بێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی بۆ میوانان خسته‌ڕوو كه پێویسته هونه‌ر له خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستاندا بێت و ببێته هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی نیشتیمان و پێكه‌وه‌ژیان و مرۆڤدۆستی.
له به‌شێكی تری ئه‌و دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی هاوسۆزیی خۆی له‌گه‌ڵ كێشه و داواكاریی هونه‌رمه‌ندانی ئازیزی كوردستان نیشاندا و ڕای گه‌یاند كه به هه‌موو توانایه‌ك پشتیوانی داواكاریی هونه‌رمه‌ندانه و خوازیاری ئه‌وه‌یه هونه‌رمه‌ندان بتوانن به ئاسووده‌یی و بێ گرفت خزمه‌تی پێشخستنی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری كوردستان بكه‌ن.
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی به‌رچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو.
هه‌ر له‌م دیداره‌دا به‌شێك له میوانان ڕا و بۆچوون و پێشنیاری خۆیان له‌باره‌ی كێشه و گیروگرفته‌كانی هونه‌رمه‌ندان و داواكارییه‌كانیان بۆ سه‌رۆك بارزانی باس كرد.