ژنێك پیاوەكەی كوشت

:: AM:11:16:09/06/2023 ‌
لە سنووری كەلار ژنێك پیاوەكەی بە چەقۆ كوشت، پۆلیس دەڵێت دوای گرتنی ژنە گۆتی خۆم كوشتوومە، چونكە كێشەم لەگەڵی هەبوو.

ئەمڕۆ هەینی نۆی حوزەیران، عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە "وشە"ـی راگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەكی فەرمانبەرانی كەلار تەرمی هاووڵاتییەك هێنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید كە بەهۆی بەركەوتنی چەقۆوە گیانی لە دەست دابوو.

زیاتر گوتی، دەست بەجێ بەفەرمانی  دادوەری لێكۆڵینەوەی كەلار بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان  چوونە شوێنی ڕوداوەكە دوای لێكۆڵینەوە دەستیان بەسەر ئەو چەقۆیەدا گرت كەتاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە و سێ تۆمەتبار لەسەر رووداوەكە گیران.

باسی لەوەش كرد، گیراوەكان بریتین لە خێزان و كچێكی كوژراوەكەیە و ئەوەی تریان برای خێزانەكەیەتی  لە ئێستە دا خێزانەكەی بەناوی (ا- ع - ف ) دانی بەوەدا ناوە كە لەگەڵ مێردەكەی كێشەی بووە و دەمەقاڵی لە نێوانیان دروست بووە و بەچەقۆ هێڕشی كردۆتەسەری و كوشتوویەتی.

كوژراوەكە ناوی  زێدان حەمید مەجیدە پیشەی پێشمەرگەیە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە ئێستە دا هەرسێ تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی( 405 ) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 بەندكراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد