كۆبوونەوەیەكی تری پێش دانیشتنی پەسندكردنی بودجەی عێراق بەڕێوە دەچێت

:: PM:05:37:09/06/2023 ‌

بڕیارە ئەمەڕۆ هەینی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تر بۆ دەنگدان لەسەر مادەكانی بودجەی عێراق ساز بكات، ئەوەی جێی تێبینییە نوێنەرانی كورد ئامادەبوونێكی دیاریان لەو كۆبوونەوانەدا هەیە، ئێستە كۆبوونەوەیەكی تری داخراوی هێزە سەرەكییەكان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی زانیارییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق، ئێستە كۆبوونەوەیەكی داخراو لە نێوان محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵا، هەردوو جێگرەكەی و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی و عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی بەڕێوە دەچێت.

هاوكات لەگەڵ ئەو كۆبوونەوەیە، كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان لەناوە خۆیان بەردەوامە، ئەوەش بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی خاڵە ناكۆكەكان، لەو كاتەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە سەرانی فراكسیۆنەكانی راگەیاندووە كە هەوڵ بدەن بە رێككەوتن بگەن، ئەگینا ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ناكرێت. 

لەو ناوەدا سەرچاوەیەكی تر ئاماژە دەكات كە رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان فراكسیۆنەكان كراوە بەوەی دانیشتنی پەرلەمان سعات 6:00ی ئێواری ئەمڕۆ دەست پێ بكاتەوە، ئەوە ئەگەر هێزە سیاسییەكان بە رێككەوتن بگەن، ئەگینا زەحمەتە دانیشتن بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل